Skip to the content

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کۆبووەوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ـی ئایاری ٢٠٢٣، د. ئومێد سەباح،سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر و جێگرەکانی و د.عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگە خزمەتگوزاییەکان لە سنوری پارێزگای هەولێر کۆبوویەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرەتا سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی بۆ پارێزگای هەولێر و فەرمانگاکان دووپاتکردەوە بە مەبەستی کارئاسانی و پشتیوانی زیاتر و بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە تەواوی سنوری پارێزگای هەولێر.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە قەیرانی کەمئاوی و ئامادەکارییەکان بۆ رووبەرووبوونەوەی گرفتی کەم ئاوی لە پارێزگای هەولێر کرا و بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەک پێکهێنرا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان ، بە مەبەستی دانانی پلانێکی تۆکمە و گونجاو بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم گرفتە لە چەند مانگی ئاییندەدا.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە سەرۆکی دیوان، پرسی پڕۆژە تەواونەکراوەکانی خستە بەرباس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە پارێزگای هەولێر ڕاسپارد بۆ پێشکەشکردنی پلانی خۆیان بە مەبەستی تەواوکردنی ئەم پڕۆژانە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا لە نزیکەوە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران گوێی لە راو سەرنج و پێشنیاری ئامادەبووان گرت تاکو بتوانرێت خزمەتێکی زیاتری هاووڵاتییان بکرێت وەک کاری هەمیشەیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم.