Skip to the content

د. دیندار زێباری : ڕێوشوێنەکانی دەستگیرکردنی تاوانبار و گومانلێکراوان بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام دەدرێت و گشت مافێکیان هەیە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٦ ی نیسانی ۲۰۲۲ لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری جنێف گفتوگۆكانی ڕاپۆرتی دووەمی كۆماری عێراق تایبەت بە ڕێكەوتننامەی نەهێشتنی ئەشكەنجەدان بە بەشداری شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. لە دەستپێکی گفتوگۆکاندا د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی وتاری کۆماری عێراق وتاری حکومەتی هەرێمی كوردستانی پێشکەش کرد. 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە سەرەتای وتارەکەیدا دید و بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی بۆ پابەندبوون بە پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ خستەڕوو بەتایبەتی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند کراوە. کە پلانێکی گشتگیرە و بە نەخشە ڕێگه‌ی پتەوکردنی پڕەنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت لە هەرێم بۆ ساڵانی داهاتوو، ئەم پلانە لەلایەن نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و بە بەشداری گشت وەزارەت و دام و دەزگه‌کانی حکومەتی هەرێم ئامادە کراوە.

لەبارەی نەهێشتنی ئەشکەنجەدان، ئاماژەی بەوە کرد: لە ڕووی ئیداری و یاساییەوە چەندین ڕێوشوێن گیراونەتە بەر بۆ پاراستنی گیراوان و سزادراوان لە ئەشکەنجەدان، لەم ڕووەوە ژماره‌یەک کەیسی ئیدیعای ئەشکەنجەدان جوڵێنراون و بڕیاری قەرەبووکردنەوە بۆ چەند کەس دەرچووە و چەند کەسیش بە تۆمەتی بەکارهێنانی توندوتیژی سزا دراون. ئەوەشی باس کرد کە تەنیا نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق یۆنامی لە پێنج مانگی ٢٠٢١دا (١٤) سەردانی مەیدانی بۆ چاکسازییەکان ئەنجامداوە و چاوی (٦٠) گیراو کەوتووە بۆ ئاگادار بوون لە ڕەوشیان.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا د. دیندار زێباری ڕایگەیاند: ڕێوشوێنەکانی دەستگیرکردنی تاوانبار و گومانلێکراوان بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام دەدرێت و گشت مافێکیان هەیە لەوانە پێڕاگەیاندنی هۆکارەکانی دەستگیرکردن، تۆمەتەکان، ئاگادار کردنەوەی کەسوکاری و بوونی پارێزەر و ئەگەر نەیتوانی ئەوا دادگا پارێزەری بۆ دابین دەکات و لەو ڕووەوە خەرجییەکانی دابینکردنی پارێزەر لەسەر حکومەتی هەرێم زیاتر بووە لە (یەک ملیارو حەوت سەد ملیۆن) دیناری عێراقی.

سەبارەت بەو کەسانەی تەمەنیان لە(١٨) ساڵ کەمترە و لە تیرۆر تێوەگلاون ڕایگەیاند: ئەوانە وەک قوربانیی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ نەک تیرۆریست. لە ساڵی 2020 ژمارەی ئافرەت و نەوجەوانان بە تۆمەتی تیرۆر (٥٢) کەس بوو، بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان ساڵانی (2015-2022) لە هەولێر (٩) ئافرەت و (١١٣٩) نەوجەوان دەستگیر کرابوون لەوانە (١٠٨٩)یان حوکمدراون.

یەکێک لە بابەتەکانی وتاری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بریتی بوو لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ نەهێشتنی قەرەباڵغی چاکسازییەکان و لەم بارەوە وتی: بەپێی ئامارەکان بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی کۆمەڵایەتی تا مانگی ئاداری ئەم ساڵ (٤٢٧٦) حوکمدراو هەبوون، حکومەتی هەرێم لە پلانیدایە باڵه‌خانەیەک بۆ چاکسازی گەوران دروست بکات کە شوێنی (٥٠٠٠) کەس  بگرێتەوە، لەلایەکی دیکەوە کار بەردەوامە بۆ دروستکردنی چاکسازی ئافرەت و نەوجەوانان و نزیکەی (٣٠%)ی کارەکانی تەواو بووە.

خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نێو چاکسازییەکان لایەنێکی گرنگی وتارەکەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بوون، لەم ڕووەوە وتی: لە چاکسازییەکان بنکەی تەندروستی هەیە و لە کاتی پێویستدا گیراوان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێن، لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا پشکنینی (PCR) بەبێ جیاوازی لە چاکسازییەکان ئەنجامدراوە و بەشی هەرەزۆری گیراوان ڤاکسینیان وەرگرتووە. سەبارەت بە حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ساڵی 2020 زیاتر لە (١٥٠) حاڵەت هەبوون دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست هەموویان چاکبوونەوە، هەروەها لە ساڵی( 2020-2022)  نزیکەی (420) حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی دەروونی هەبوو، بەشی هەرەزۆریان چاکبوونەوە تەنیا (76) کەس ماون ئەوانیش لەژێر چارەسەردان، لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە دروستکردنی (٣) نەخۆشخانەی دەروونی لە هەرێم.

د. دیندار زێباری لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە ئاوارە و پەنابەران لە هەرێم و قوربانیانی پێشمەرگە کرد لە جەنگی دژی تیرۆر و  ڕایگەیاند: تا ئێستا زیاتر لە (٩٢٦٠١٨) ئاوارە و پەنابەر لە ڕەگەزنامە جیاجیاکان لە هەرێمی کوردستان ماون و حکومەتی هەرێم (٧٥%) پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکات، هەروەها (٦٣.٥٪) لە پەنابەر و (٨٧.٩٪)ی ئاوارەکان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کار دەکەن. سەبارەت بە گەڕانەوەشیان حکومەتی هەرێم ناچاریان ناکات بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان بەر لە دابینکردنی ئەمن و ئاسایش و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان گەڕاونەتەوە، سەبارەت بە  قوربانیان پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە جەنگی دژی تیرۆر قوربانییەکان گەیشتە نزیکەی (١٨٠٠) شەهید و  نزیکەی (١٠٣٦٩) بریندار.

دیندار زێباری ئاماژەی بە ڕزگارکردنی ڕفێندراوان دەستی داعش کرد و وتی: بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم تا ئێستا توانراوە (٣٥٥٢) ڕفێندراو ڕزگار بکرێن و (٢٧١٩)یان چارەنووسیان دیار نییە، و زیاتر لە (١٠٠٠) ئافرەت نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بۆ چارەسەرکردن، لەلایەکی دیکەوە (5170) کەیسی تاوانەکانی داعش تۆمار کراون و بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) توانراوە (٧٣٩١٢) لاپەڕە لە تاوانەکانی داعش ئەرشیف بکرێن.

 سەبارەت بە هەوڵەکانی نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی و بازرگانی کردن  بە مرۆڤ کرد و تی: لە هەرێمی کوردستان (٤) شەڵتەر هەیە بۆ داڵدەدانی ئەو ئافرەتانەی هەڕەشەیان لەسەرە و تا ئێستا نزیکەی (٢٠٠٠) ئافرەت ڕەوانەی شەڵتەرەکان کراون.

تەنیا لە ساڵی (2021 ) لە شەڵتەرەکان (160) ئافرەت داڵدە دراون کە (١٣) بیانی و (٦٠) ئاوارە و پەنابەر بوون. لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ چەندین هەڵمەتی وشیارکردنەوە ئەنجامدراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵ (٣٤٠) کۆمپانیای هێنانی دەستی کار کراوە و (٢٩) کۆمپانیا دراونەتە دادگا، (٢٠٢٦) هاووڵاتی بیانی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە، (٧) خول بۆ وشیار کردنەوە کارمەندان ئەنجامدراو و شەڵتەرێکی تایبەت بە قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کراوەتەوە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم ئاماژەی سزای لە سێدارەدان کرد و تی:  سەرەڕای ئەوەی تا ئیستا زیاتر لە (٣٠٠) سزای لە سێدارەدان دەرچووە، بەڵام لە ساڵی (2008)ەوە سزای لەسێدارەدان هەڵپەسێردراوە لە هەرێم تەنیا لەو حاڵەتانە نەبێت کە پەیوەندیی بە رای گشتییەوە هەیە، لە ساڵی 2021 لە هەرێم (٣٦) حوکمی لەسێدارەدان دەرچوو، لەوانە (٦) سووککرا بۆ زیندانی هەتا هەتایە.