Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: ئەو کەسانەی بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە گیراون و خوار تەمەن ١٨ ساڵن وەک قوربانی مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ووەتچ دواین ڕاپۆرتی بە ناونیشانی "عێراق زیاتر لە ١٠٠٠ منداڵ بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە بەند دەکات" بڵاوکردەوە، و لە پاڵ تۆمەتەکانی بۆ لایەنە فەرمییەکانی تری عێراق، ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەیەک منداڵ لە هەرێم ڕاگیراون بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە.

لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێم، گوتی "بارودۆخی یەکە چاکسازیەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە چاودێری دەکرێ، لەوانەش (کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی) و (نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق- یونامی)، کە ئەمیان سەر بە (نووسینگەی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان)ە".

هەروەها، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، "ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارەم ڕاپۆرتی تایبەت بە منداڵ و پێکدادانی چەکداری لە عێراق کە لە ڕێککەوتی ٢٦/١/٢٠٢٢ دەرچووە، ئاماژە بە ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، هاوکات باسی لەوە کردووە کە یاسای پاراستنی منداڵ ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کراوە بۆ پەسەندکردن و یاسایەکە بە ئاشکرا بەشداری کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بە تاوان دەناسێنێت. هەروەها، ئەمینداری گشتی ئەم هەنگاوە بەرزدەنرخێنێت."

د. دیندار زێباری جەختی کردەوە کە "حکومەتی هەرێم تەواو پابەندە بە یاسا و بەندەکانی (نەتەوە یەکگرتووەکان) و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانی تر لە پرسی مافەکانی مرۆڤ. هەروەها، حکومەتی هەرێم ئەوە لەبەرچاودەگرێت کە هاوڵاتیانی هەرێم و پێکهاتەکانی تر، خۆیان قوربانی ڕاپێچکردنەوەی زۆرملێ بوونە و یادگاریەکی تاڵیان لەگەڵ هەیە، بۆیە ئەم ڕەفتارانە بە یەکجاری ڕەتدەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی شوێنی مانەوە و هاوکاری و پەروەردە بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان و قوربانییانی داعش، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ".

بۆ ماوەی سێ ساڵ هەرێمی کوردستان لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی داعشدا بووە و تا ئێستاش ئەم هەڕەشە کەم تا زۆر بوونی هەیە. هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بەردەوامن بۆ دادگاییکردنی داعش لەژێر ڕۆشنایی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) دەکرێت، کە لەم بوارەشدا هەنگاوی چاک هاوێژراوە، لەوانەش ئەرشیڤکردنی ئەلکترۆنی ٧٣،٩١٢ بەڵگەنامەی پەیوەست بە تاوانەکانی داعش، تۆمارکردنی ٥١٧٠ دۆسیەی یاسایی کە ٢٣٢٤یان لە دادگا کارەکانیان تەواوبووە، و تۆمارکردنی ٢٩١٦ کەسی شوێنبزربوو.

ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس ووەتچ خۆی دەڵێت کە هەندێک لە بەندکراوەکان بەشداری ڕاهێنانی چەکدارییان کردووە لەژێر دەسەڵاتی داعش و خێزانی هەندێکیان ئەندامی کارای داعش بوونە و بەشێکیان کاریان بۆ ڕێکخراوە تیرۆرستییەکە کردووە. بۆیە ئەم بابەتە هەستیارە دەبێت لێکۆڵینەوەی وردی دادوەری تێدا بکرێت کە، هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و یونیتاد لەسەر هێڵە بۆ کۆکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان.

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند کە " ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە و گومانیان لێدەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە ھەبووبێت، ئەوا وەک قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت نەوەک تاوانبار. لە ماوەی ڕابردوودا، ئەم کەیسانە بە ڕێکارە یاساییەکان تێپەڕیون و چارەسەرکراون."