Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان:حکومەتی هەرێم نموونەیەکی هەرێمیە بۆ دیموکراسی و بەها دیموکراتییەکان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ڕێککەوتی ١١/١/٢٠٢٢ ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست کە تێیدا تیشکی خستەسەر چەند ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی و سەرنجی حکومەتی هەرێمی لە بارەیانەوە خسته‌ڕوو.

سەبارەت بە کردەوە تیرۆرستییەکانی داعش لە ساڵی ٢٠٢١ لە عێراق، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، "لە ساڵی ڕابردوودا  ٢٥٧ هێرشی تیرۆرستی ئەنجام دراوە، کە خۆیان لە بۆسە و هێرشی ڕاستەوخۆ و خۆکوژی و خاڵی پشکنینی ساختە و ڕفاندن و مووشەک بینیوەتەوە، و لە ئەنجامدا ٣٨٧ شەهید و ٥١٨ بریندار و ٣٧ ڕفێندراویان لێکەوتۆتەوە."

دەربارەی پێکدادان و بۆردوومانە سنوورییەکان، د. دیندار زێباری گوتی، " لە ساڵی ڕابردوو، ٦٢٦ بۆردوومانی سنووری هەبووە کە ٢١٦ هێرشی ئاسمانی و ٤٠٣ تۆپ و ٨ هێرشی زەمینی تۆمارکراون. داوا لە پەکەکە و پێکهاتە چەکدارەکانی تر دەکەین کە خاکی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی هاوسێ، هاوکات داوا لە وڵاتانی هاوسێ دەکەین کە ئەوە لەبەرچاو بگرن کە خەڵکی سڤیل لە ناوچە سنوورییەکان نیشتەجێن و بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ماڵ و حاڵیان لەژێر مەترسیدایە."

سەبارەت بە مافی ئازادی ڕادەربڕین و سەربەخۆیی دادگاکان، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، "حکومەتی هەرێم نموونەیەکی هەرێمیە بۆ دیموکراسی و بەها دیموکراتییەکان، و پابەندە بە سیستەمێکی پتەوی بەرزەفتکردنی دامەزراوەیی لە نێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری. لە هەمان کاتدا، ئامادەی ئەنجامدانی گۆڕانکارییە لەو شوێنانەی کە پێویستن،" ئەوەشی ڕوونکردەوە کە دادگاکان بێ لایەنن و لە چوارچێوەی سیستەمی بەرزەفتکردنەکە بە سەربەخۆیی کاردەکەن. 

لە درێژەی قسەکانیدا، د. دیندار زێباری ئاماژەی بەوەدا کە نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا، وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، و کەنەدا پێشوازییان لە دوایین ڕاپۆرتی یۆنامی کردووە و هاوکات ستایشی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانیان کردووە لە هەمبەر تێبینیەکانی کە بە پاشبەندی ڕاپۆرتەکە لکێندراوە.

دەربارەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، د. دیندار ڕایگەیاند،"ئەمساڵ ٤ لیوای پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە یەکیان گرتۆتەوە، هاوکات هێزی پشتیوانی یەکیش هاتۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پشتیوانی دووش کارەکانی تەواوبووە و بەم نزیکانە یەکدەگرێتەوە."

سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، د. دیندار گوتی، "لە ٢٠٢١، ٤٤٥ داوای سزایی لەسەر گەندەڵی تۆمارکراوە کە ئەمە ژمارەیەکی زۆرترە لەچاو ساڵانی رابردوودا، لەگەڵ داوا خولاوەکانی ساڵانی رابردوو، ئێستا ٥٦٠ داوای سزایی لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان، بەمەش بە هەموو داوا سزایی و هەواڵدەرییەکان کە ٥٦٠ داوای سزایی و ٢٤٥ داوای هەواڵدەرین، ٨٠٤ کەیسی گەندەڵی لە هەردوو قۆناغی هەواڵدەری و سزایی ئێستا لەلایەن دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت. کۆی کەیسەکانی کە ئەمساڵ ڕەوانەی دادگاکان کراون ١٣٦ کەیسی سزایی ئەمساڵ چوونەتە قۆناغی دادگاییکردن پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەیان تێدا تەواو کراوە."

دەربارەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، "لە ساڵی ٢٠١٩ دا، ١،٧٩٤ کەس  بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر دەسگیرکراون، و ئەم ژمارەیە کەمیکردووە بۆ ١٢٩٥ کەس لە ساڵی ٢٠٢٠ دا. بە گشتی ٣٠٨٩ کەس دەستگیرکراون کە ٧٥یان بازرگانیان پێوەکردووە و ٣٠١٤ یان بەکارهێنەر بوونە. ئامارى تۆمەتبارانى ماددەى هۆشبەر ئاڵوودەبووان و بازرگانان بۆ شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵ کە دەستگیر کراون و دراونەتە دادگا بریتییە لە ٨٨١ تۆمەتبار و بڕى ئەو ماددە هۆشبەرەى دەستى بەسەردا گیراوە بریتییە لە ٢١٥ کیلۆ گرام بە گشت جۆرەکانییەوە."

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، "حوکمەتی هەرێم ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمیتەی خاچی سوور هەیە، و بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە لایەنی ناوبراو بۆی هەیە بێ مۆڵەت سەردانی تەواوی زیندانی و سەنتەری چاکسازییەکان بکا لە هەرێم. یۆنامییش هەمان مۆڵەتی سەردانی پێدراوە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ڕێککەوتنە، یۆنامی تا مانگی پێنجی ساڵی پار، ١٤ جار سەردانی چاکسازییەکانی کردووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٦٠ زیندانی ئەنجامداوە."