Skip to the content

وتاری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە بۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمدا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د. دیندار زێباری رێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە گوتارێکدا باسی لە گرنگترین کار و چالاکییەکان دەکات و ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:

حكوومەتی هەرێم لە ڕێی نووسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بایەخی بە بەجێگەیاندنی ئەركەکانی داوە لەگەڵ دامەزراوە ناوخۆیی و دەرەکییە فرەلایەنەکاندا لە بواری پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.
لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ٢١ ڕاپۆرت پێشکەش بە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ و لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە كراوه.
لە بارەگا سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆرگانەکانی تری هەرێمایەتی وەک کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، بەشداریمان لە 9 کۆبوونەوەدا کردووە بۆ خستنەڕووی هەنگاوەکان لەڕووی حوکمڕانیی باش، سەروەری یاسا، شەفافیەت، بەرپرسیاریەتی و سەربەخۆیی دادگاکان.
لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا وەڵامی ١٦ ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی دراوەتەوە، تایبەت به سه‌روه‌رى یاسا، ڕەوشی ناوچە جێناکۆکەکان، خۆپیشاندانی ئاشتییانە، ئازادى ڕاده‌ربڕین و میدیا، ڕەوشی گرتووخانە و چاکسازییەکان، بازرگانى به‌ مرۆڤ و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان.
زیاتر لە ٦٥ کۆبوونەوە ئەنجامدراوە لەگەڵ تۆڕی زانیارى نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپارە نێودەوڵەتییەکان لە دامودەزگاکانی حکوومەتى هەرێم بە مەبەستى بەداواچوونی دوایین ڕاپۆرت و لێدوان و بەیاننامە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە ڕەوشی حکومڕانیی لە هەرێم.
لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان وەک کونسوڵگەرییە گشتییەکان، دیپلۆمات، ڕێکخراوە نێودەوڵەتى و نێوخۆکان زیاتر لە ١٦٠ کۆبوونەوە و دیدار ئەنجامدراون بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی داتا و زانیارییەکان.
لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٥٤ نووسراومان ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بە مەبەستى بەدواداچوون و ئاڵوگۆڕى زانیارى.
لەلایەکى دیکەوە زیاتر لە ٤٧٠٧ زانیارى لەگەڵ لایەنە حکومییەکان، ئاژانسەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان، کونسڵى وڵاتان ئاڵوگۆڕکراون.
لەڕووی ڕووماڵی میدیاییەوە، زیاتر لە ١٩ کونگرەى رۆژنامەوانی و 72 لێدوان و بەیاننامەمان بڵاوکردۆتەوە لە وەڵامی چەند لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی.
پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) بە یەکێک لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم دادەنرێت. پلانەکە بەشێکە لە میکانیزمێکی نیشتمانی بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەپێی ستانداردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نەخشەڕێگایەکە بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ئەو مافانە. 
لە هەرێمی کوردستان 179 راسپاردە لە کۆی ٣٨٩ ڕاسپاردەی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوەیەگکرتووەکان جێبەجێکراوە.
ئەنجوومەنى ئاسایش بە پێی بڕیارى (٢٣٧٩) ساڵى (٢٠١٧) بڕیاریدا بە دامەزراندنى تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) لە عێراق. 
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەستنیشانکرا بۆ هەماهەنگیکردن و بەدواداچوونی کار و چالاکییەکانی تیمی ناوبراو لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم.
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەشداریمان کردووە لە ٢٥ کۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمانیدا و دەیان دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ یونیتاد کردووە. بەشداریمان لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی تیمی یونیتاددا لەگەڵ بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان و وەزیرە بەڕێزەکان کردووە.
لە دەرەوەی وڵاتیش بەشداریمان لە ژمارەیەک چالاکیی یونیتاددا کردووە، لەوانه لە بەرلین و نیویۆڕک. لە کردنەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریمان لە مەراسیمی هێنانەوەی ڕووفاتی ٧٠ گۆڕی قوربانییانی ئێزیدی لە گوندی حەردان و 41 گۆڕی قوربانیانی کۆجۆ و سۆڵاغ کرد.
 
بۆ بینینى ڤیدیۆى وتارەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە: