Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوونەکانی لەبارەی مافی مرۆڤ لە هەرێم بڵاودەکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٢ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێمی سەبارەت بە ئەو دۆسیانەی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاتوونە، خستەڕوو. 

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەلاری ئەنجوومەنی وەزیران، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازکرد. مەبەست لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە تیشکخستنە سەر ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو. کە تایبەتە بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، هاوکات خستنەڕووی هەنگاوە کردەییەکانی حکوومەت سەبارەت بە تێبینی و ئەو سەرنجانەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوون. 

د. دیندار زێباری ئاماژەی بە هەماهەنگیی نێوان نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵخانەی گشتیی ویلایەتە ئەمریکا کرد و گوتی:"پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لەسەر بنەمای هاوبەشی و هەماهەنگیی بەردەوامە. بەر لە دەرچوونی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە چەند مانگێک، پرسیار و تێبینی ئاڕاستەی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت بۆ مەبەستی بەدواداچوون و خستنەڕووی هەڵوێست و هەنگاوە کردەییەکانی حکوومەت لە بوارە جیاجیاکانی مافی مرۆڤ و حوکمڕانیی درووست. نووسینگەکەمان ڕاوێژ بە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت دەکات و دوای دەرچوونی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەڵامەڕاپۆرتی حکوومەتی هەرێم بۆ لایەنە نێودەوڵەتییەکان و ڕای گشتی بەردەست دەکات."

دواتر ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە چەند تەوەرێکی بەدواداچوونی نووسینگەی ڕێکخەر کرد کە لەژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەکراوە و ڕایگەیاند:"هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بە بڕیاری سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ٦٩٠٠ لە ڕێککەوتی ١٢/٥/٢٠٢٢ گشتاندنی بۆ کراوە. ئەم گشتاندنە ئەرکی تەواوی دامەزراوەکان لە جێبەجێکردنی پلانەکە دیاریدەکات. پلانەکە ڕەنگدانەوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمە بۆ چاکسازی. پلانی هەرێمی دەپڕژێتە سەر تەواوی ئەو تەوەرانەی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەمریکا باسکراون و نەخشەڕێگا بۆ چاکسازی لە کایەکانی مافی مرۆڤ دادەڕێژێت و چارەسەر دەخاتەڕوو."

هەروەها، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی کرد بەوەی کە هەر تەوەرێک لە وەڵامەڕاپۆرتی نووسینگەی ڕێکخەر بە بەندەکانی پلانی هەرێمی دەوڵەمەندکراوە و ئاستەنگەکان و میکانیزمی لابرندیان خراوەتەڕوو.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی داعش، د. دیندار زێباری ڕایگەیاند، "لە نێوان ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٢، هاوپەیمانان ٩،٣٣١ هێرشی ئاسمانیان ئەنجامداوە، ١٢،٠٥٣ تیرۆرستیان کوشتووە، ٢،٦٠٤ چەکی قورسیان تێکشکاندووە، ٢،٢٩٩ ئامرازی هاتووچۆکردنی تیرۆرستانیان ڕووخاندووە، و ٧،٢٥٦ سەنگەر و شوێنی مانەوەی تیرۆرستان بە ئامانجگیراون. هەروەها، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە تا مانگی ٤ی ٢٠٢٢، داعش ٢٨٣ هێرشی لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامداوە، کە تێیدا ٣٩٩ شەهید و ٥٣٩ بریندار و ٤٠ ڕفێندراوی لێکەوتۆتەوە."

بۆردوومانە سنوورییەکانیش بەردەوامیان هەبووە. لەم ڕووەوە، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، "لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ەوە تا مانگی ٤ی ٢٠٢٢، ١٣٨ مووشەکی ئاسمانی، ٢١٤ تۆپ و ٧ ئۆپەڕاسیۆنی زەمینی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە لە خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون."

حکوومەت هەنگاوی کردەیی ناوە بۆ باشترکردنی ڕەوشی گرتووخانەکان. لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری گوتی:"گرتووخانەکان لەژێر چاودێریی لایەنە ناوەخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە. لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٨٥ سەردان بۆ ئەو گرتووخانانە ئەنجامدراوە کە لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆن. 
ڕێکخراوەکان، داواکاری گشتی، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یۆنامی)، و کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی، سەردانیان بۆ ئەم یەکانە هەبووە. 
لە ساڵی ٢٠٢١، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بە ٤ کارمەندی جێبەجێکردنی یاسا گیراوەتەوەبەر کە توندوتیژییان بەرامبەر بە زیندانییەکان کردووە. ڕێکارە یاساییەکان خۆیان لە ئاگاداریی بڕینی سەرمووچە بۆ چەند مانگێک و گواستنەوەی ئەرک بینیوەتەوە. هاوکات، ڕێنمایی ژماری ١ (٢٠٠٨) کارایە، کە تێیدا چەند مافێک بۆ بەندکراوان دەستەبەرکراوە، لەوانەش پەروەردە، سەردانی ئاسایی، و چاودێریی تەندرووستی."

سەبارەت بە ئازادیی ڕادەربڕین، د. دیندار زێباری ڕایگەیاند:"لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، ١،٢٥٩ میدیای دیجیتاڵی و چاپەمەنی، مۆڵەتیان وەرگرتووە: ٥٠ ماڵپەڕ، ١٣٨ وێستگەی ڕادیۆ، ٩٥٨ ڕۆژنامە و گۆڤار، ٣١ کەناڵی ئاسمانی، و ٨٥ کەناڵی ناوخۆ هەن. بە گوێرەی ئەم ژمارانە، لە کۆی هەر ٧٧٨ هاووڵاتییەک دانەیەکیان ڕۆژنامەنووسە و بۆ هەر ٤،٩٠١ کەسێک ناوەندێکی میدیایی هەیە. هاوکات، لە ساڵی ٢٠٢١، ٣١ کەس سزادراون بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان."

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی:" حکوومەتی هەرێم ڕاسپاردەکانی هاوتا نێودەوڵەتییەکان بە هەند وەردەگرێت و بەدواداچوون دەکات. هەروەها، دووپاتی دەکاتەوە کە بەدواداچوونی نووسینگەی ڕێکخەر بە چڕوپڕی باسی لە هەنگاوە کردەییەکانی حکوومەتی هەرێم کردووە سەبارەت بەو تەوەرانەی تایبەتن بە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان.