Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی یەکەی قوربانیانی تیرۆر سەر بە UN کۆبوونەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە نیویۆرک د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم و ئانا ئیزار سەرۆکی یەکەی قوربانیانی تیرۆر لە سەنتەری نەهێشتنی تیرۆر سەر بە UN، کۆبوونەوە و چونیەتی نەهێشتنی مەترسییەکانی داعش و ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال و چەند بابەتێکی دیکەیان تاوتوێ کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر هەڕەشەکانی تیرۆر لەسەر هەرێم و وتی: لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ هەرێمی کوردستان کەوتە ژێر هەڕەشەی گرووپە تیرۆریستییەکان کە دوایینیان داعش بوو و دڕندەترین تاوانی لە مێژووی مرۆڤایەتی ئەنجامدا، حکومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گرووپانە و پاراستنی گیان و موڵکی دانیشتووانی هەرێم، یاسای دژە تیرۆری دەرکرد، کە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانی لەبەرچاو گرتووە وەک هەڵپەساردنی سزای لەسێدارەدان.
 دیندار زێباری لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد کە گشت پێکهاتەکانی ناوچەکە بەتایبەتی ئێزیدییەکان قوربانیی سەرەکی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش بوون وەک کوشتن، ڕفاندن و جینۆساید، هەروەها لە شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە قوربانییەکی زۆری داوە کە زیاتر لە (١٨٠٠) شەهید و ١٠ هه‌زار پێشمەرگەش بریندار  بوون.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئانا ئازار، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتی: هەرێمی کوردستان لە زۆر لاوە هەڕەشەی تیرۆری لەسەرە و ناسەقامگیری سووریا و چەند بەشێکی عێراق و ئاڵۆزی دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە بە گشتی بووە هۆی سەرهەڵدانی میلیشیای چەکداری و گرووپی تیرۆریستی جیاجیا و هەرێمی کوردستان کرایە ئامانجی ئەو هێز و گرووپانە، بەڵام هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە تێکشاندنی داعش و بە درێژایی زیاتر لە (١١٠٠) کم لە سەنگەری ڕووبەڕووی داعشدا بوو. بۆیە گرنگە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمە بە هەند وەربگرێت بە تایبەتی لە بابەتی بونیادنانی تواناکان، هاریکاری کردن، ئاڵوگۆڕی زانیاری، بەشداری پێکردن لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان بۆ سوود وەرگرتن لە شارەزایی وڵاتانی پێشکەوتوو.
دیندار زێباری سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد ڕایگەیاند: هەماهەنگیمان لەگەڵ تیمی یونیتاد لە ئاستێکی باشدایە وەک ئاڵوگۆڕی زانیاری، پڕۆژەی دیکیۆمێنتکردنی بەڵگەی تاوانەکان، مەشق و ڕاهێنانی دادوەران، هەروەها بە پاڵپشتی یونیتاد پڕۆژە یاسایەک پێشکەش بە پەرلەمانی هەرێم کراوە بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر گرنگی ڕێککەوتننامەی شنگال و وتی: بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠) بە سەرپەرشتی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی ڕێککەتننامەی شنگال واژوو کرا، بەڵام لەبەر بوونی میلیشیای چەکداری و هێزی دەرەکی وەک پەکەکە تائێستا جێبەجێ نەکراوە، بەمەش مەترسییەکانی کردەوە تیرۆریستییەکان بەردەوامن و لە غیابی هەماهەنگی ئەمنی و سەربازی چەندین کردەوەیان ئەنجامداوە و قوربانی لێکەوتۆتەوە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئانا ئیزار سەرۆکی یەکەی قوربانیانی تیرۆر لەسەنتەری نەهێشتنی تیرۆر سەر بە UN، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم باسی لە پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد و وتی:
لە ڕووانگەی گرنگیدان بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردە و پابەندبوونانەی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکرێن، پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ پەسەند کرا کە گشتگیرە بە بەشداری سەرجەم وەزارەتەکان و دامەزراوە حکومییەکان، هەروەها نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی)، هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بواری مافەکانی مرۆڤ هاوبەشی سەرەکین لە پێشکەشکردنی تێبینی و ڕاوێژ.
 حکومەتی هەرێم ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی ڕاسپاردووە بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی پلانەکە.