Skip to the content

کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای بە دەستهێنانی زانیاری به‌ڕێوه‌ چوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢ لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، د. دیندار زێباری سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی کرد سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای بە دەستهێنانی زانیاری، لە کۆبوونەوەکەدا كه‌ دانێل بێل بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤ لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) و نوێنەرانی وەزارەت و دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری ئامادەی بوون، ئه‌وه‌ خرایه‌ ڕوو كه‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٣ ی دەرکرد بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن مافی وەرگرتنی زانیاری بەکاربهێنن، یاساکە مافی بە دەستهێنانی زانیاری، مافی پێشکەشکردنی داواکاری، ڕێکارەکانی داوای دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، وەڵامدانەوەی داواکاری، گەیاندنی زانیاری لەخۆ دەگرێت.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئەوەش باس له‌وه‌ كرا کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەم یاسایە پێشکەوتووە، تەنیا پێویستی بە دەرکردنی ڕێنمایی هەیە بۆ جێبەجێکردنی، بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە پێشنیاریان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و تەحەدیاتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پێشکەش کرد و تیشکیش خرایەسەر هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەت پلانێکی گشتگیر و تۆکمەی داناوە بۆ چوار ساڵی داهاتوو کە هەموو ئەو لایەنانە لەخۆ دەگرێت کە ڕاسپاردەی نێودەوڵەتی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستانی دەکات.