Skip to the content

هێرشى مووشەکى بۆ سەر هاووڵاتیانى سڤیل لە شارى هەولێر دەستدرێژییە بۆ سەر ژیان و ئەمنییەتى هاووڵاتیان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەو هێرشە مووشەکییەى کە کرایە سەر هاووڵاتیانی سڤیلی  شاری هەولێر، دەستدرێژییە بۆ سەر ژیان و ئەمنییەتى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان و سەروەرى عێراق، هەروەها پێچەوانەى بڕیارى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتیى ژمارە (٥٩٨) ى ساڵى (١٩٨٧)ە تایبەت بە وەستاندنى شەڕ و ئاگربەست لە نێوان کۆمارى عێراق و کۆمارى ئیسلامى ئێران.
لە هەمان کاتدا دەستدرێژییە بۆ سەر کاروبارى نێوخۆى وڵاتێکى خاوەن سەروەرى بەپێى بڕیارى کۆمەڵەى نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە (١٠٣/٣٦) لە رێکەوتى ٩ کانوونى یەکەمى ساڵى ١٩٨١. 

پێویستە وڵاتان پابەندبوونى تەواویان هەبێت لە دەستوەرنەدان بە هەموو شێوازێک لە کاروبارى نێوخۆى وڵاتان، ئەمەش زامنى پاراستنی ئاسایش و سەلامەتى و جێبەجێکردنى پەیماننامەى نەتەوەیەکگرتووەکانە.
بە پشتبەستن بە پێوەرەکانى یاساى نێودەوڵەتى، ئەو هێرشە مووشەکیە بۆ سەر شارى هەولێر و بە ئامانجگرتنى هاووڵاتیانى سڤیل، تاوانە و پێچەوانەى بنەما گشتییەکانە لە یاساى نێودەوڵەتى و سەرپێچییە لە ماددەکانى ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانى مافى مرۆڤ و پەیماننامەى نێودەوڵەتى تایبەت بە مافە مەدەنى و سیاسییەکان کە ئاماژە بە مافى ژیان و سەلامەتى جەستە و سەروماڵى هاوڵاتیان دەکات.
هەروەها ماددەى شەشەم لە پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەنى کۆمکاری وڵاتانى عەرەبى، ئەم جۆرە کردەوانە پێچەوانەى مافەکانى مرۆڤە و پێویستە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی بکرێت و قەرەبووى ئەو زەرەر و زیانانەش بکەنەوە کە بەر سەر و ماڵى هاووڵاتیانى سڤیل گەیشتووە.
پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات دەکاتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشە و ئاڵۆزییەکان لە نێوان وڵاتان و چارەسەرکردنیان، پێویستە پەنا ببرێتە بەر  ڕێگەى گفتوگۆکردن و لێکۆڵینەوە و نێوەندگیرى و گەڕانەوە بۆ یاسا و دادگا یان پەنابردن بۆ ئاژانس و ڕێکخراوە هەرێمایەتییەکان، یان هەر هۆکارێکى دیکە کە بە گونجاو دەبیندرێت.
بە پشتبەستن بەم یاسایانە پێویستە لەسەر ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى ڕێوشوێنى پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە بوونەوەى کارى دوژمنکارانە لەپێناو پاراستنى ئاسایش و سەلامەتى نێودەوڵەتى و نەهێشتنى هەڕەشەکردن لە ئاسایشى عێراق. ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە نابێت دەستوەردان لە کاروبارى نێوخۆى عێراقدا بکرێت و دەبێت سەربەخۆیى و سەروەرى سیاسى و یەکپارچەیى نیشتیمانى و ئاسایشى بپارێزرێت.
 لەلایەکى دیکە پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشى یەکەم ماددەى یەکەم ئاماژە دەکات بە ئامانجەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاراستنى ئاشتى و ئاسایشى نێودەوڵەتى لە ڕێگەى ئاشتیانە، بۆ جێبەجێکردنى ئەم ئامانجەش پێویستە لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێوشوێنى هاوبەش بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە هۆکارەکانى هەڕەشەکردن بەپێى بنەماکانى دادوەرى و یاساى نێودەوڵەتى. 
هەروەک ماددەى دووەمیش ئاماژە بەوە دەکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەکات کێشەکانیان بە ڕێگەى ئاشتیانە چارەسەر بکەن و بە شێوەیەک کە ئاشتى و ئاسایش و دادپەروەرى نێودەوڵەتى ڕووبەڕووى هەڕەشە نەبێتەوە.
 لەبەر ئەو هۆکارانە پێویستە لەسەر کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى سنوورێک بۆ ئەو جۆرە دەستدرێژى و پێشێلکاریانە دابنێت بەرامبەر هاووڵاتیانی سڤیلى عێراقى.