Skip to the content

شاندی حکومەتی هەرێم لە لەندەن تاووتوێی پرسی ئێزیدییەکان لەگەڵ نێردە دیبلۆماتییەکان دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە، لە ڕێککەوتی ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، کۆنفرانسی نەهێشتنی توندوتیژی جێندەری لە پێکدادانە چەکدارییەکان، لە لەندەن دەستی بە کارەکانی کرد.

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکدێت لە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و د. خانزاد ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و تیمی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە بەریتانیا، لە کۆنفڕانسەکە ئامادەبوون و بەشداریی چەند گفتوگۆ و کۆبوونەوەیەکیان کرد.

لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتنامەی فەرمی لەلایەن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و نوێنەری تایبەتی سەرۆکوەزیرانی بەڕیتانیا بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژیی جێندەری لە ململانێکاندا بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسەکە پێگەیشت. کۆنفڕانسەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ناوەندی داڕشتنی سیاسەتی نوێیە بۆ بنبڕکردنی توندوتیژیی جێندەری لە ململانێیە چەکدارییەکان و چەندان وەزیری دەرەوە و بەرپرسی سیاسی و نوێنەری کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارن بۆ گۆڕینەوەی تێڕوانینی جیا و دۆزینەوەی چارەسەر."

لە درێژەی قسەکانیدا، د. دیندار زێباری ڕایگەیاند: "ئەم کۆنفڕانسە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان وێنەیەکی ڕوونیان لەسەر ئەو تاوانە قێزەونانە هەبێت کە دەرهەق بە ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی تر کراوە. شاندی حکوومەتی هەرێم هەوڵدەدات ئازارەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی بە گوێی ئامادەبووان بگەیەنێت. شاندەکەمان کۆبوونەوەی لەگەڵ فیۆنا بروس، نوێنەری سەرۆکوەزیرانی بەڕیتانیا بۆ کاروباری ئاینی و پەرلەمانتار، ئەلیسا هێربێرت، نوێنەری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری جێندەر و یاسمین ئەحمەد، بەرپرسی نووسینگەی لەندەنی هیومان ڕایتس وۆچ کرد و هاوکات لە میانەی کۆنفڕانسەکەدا چاومان کەوت بە جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا، کەریم خان، داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و لۆرد ئەحمەد، نوێنەری سەرۆکوەزیران بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی جێندەری لە پێکدادانە چەکدارییەکان".

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "لە جەنگدا زۆرجار ژنان دەبنە قوربانیی توندوتیژیی جێندەری و ئەشکەنجە، ئەمەش کاریگەریی جەستەیی و دەروونیی زۆریان بەسەرەوە بەجێدەهێڵێت.
دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش، ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی وەزاری پێکهێنا بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش و لیژنەیەکیش بۆ رزگارکردنی رفێندراوەکان کە ژمارەیان (٦٤١٧) کەس بوو، لەنێویاندا (٣٥٤٨) مێ و (٢٨٦٩) نێر، بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێم توانراوە تا ئێستا (٣٥٦٢) کەس رزگار بکرێن و پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی و دەروونی پێشکەش بە زیاتر لە (٢٢٣٤) قوربانی کراوە."