Skip to the content

دیندار زێباری: تا ئێستا ٣٥٥٤ ڕفێنراوی دەستی داعش بە هەوڵی حکوومەتی هەرێم ڕزگارکراون

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە جنێف ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ڕزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش.

بە هاوکاریی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا و بە بەشداریی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی، ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، پەیمانگای قورتبە بۆ ئاشتی-جنێڤ، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریی بۆ تاووتوێکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان لە جنێڤ رێکخست.

ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان و پلانی نیشتمانیی حکوومەتی ئیتحادی بۆ مافەکانی مرۆڤ.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، د.دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، كە هاوکات سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی پلانی هەرێمە بۆ مافەكانی مرۆڤ، گوتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ئەو پێشكەوتنانەی لە پڕۆسەی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی پلانی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جێبەجێکراون. چونکە بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنکردن، بەشێکە لە پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ و لە کۆی ٣٨٩ راسپاردە بۆ هەرێم، ٩ راسپاردە تایبەتە بە تاوانی بێسەروشوێنکردن و تاوانە نێودەوڵەتییەکان و لەم رووەوە حکوومەتی هەرێمی چەندین هەنگاوی ناوە.

پەرلەمانی کوردستان (یاسای بێسەروشوێنکراوان لە هەڵمەتەکانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان)ی دەرکردووە.
لە ساڵی ٢٠٢١ پێشنیاز بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە کرا، بۆ ئەوەی قوربانیانی تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بگرێتەوە، ئەمە جگە لە یاسای ماف و ئیمتیازاتی بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ هەرێمی کوردستان - عێراق.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە قوربانیانی داعش کرد و گوتی، "دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش، ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی وەزاری پێکهێنا بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش و لیژنەیەکیشی بۆ رزگارکردنی رفێندراوەکان پێکهێنا کە ژمارەیان گەیشتووەتە ٦٤١٧ کەس بوون (٣٥٤٨ مێ و ٢٨٦٩ نێر).
بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێم توانراوە تا ئێستا ٣٥٥٤ کەس رزگار بکرێن. هەروەها حكومەتی هەرێم دەستی بە دۆكیومێنتكردنی تاوانەكانی داعش کرد؛ ٥١٧٠ فایل ئەرشیف كراون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٢٣٢٤ دۆسیە بە شێوەیەكی یاسایی تەواو كراون و ٢٠٠٠ کەیس تا ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدان، هەروەها ٢٩١٦ دۆسیە وەک ونبوو تۆمارکراون.
پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی و دەروونی پێشکەش بە زیاتر لە ٢٢٣٤ قوربانی کراوە."

زێباری تیشکی خستە سەر هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی هەرێم و تیمی یونیتاد و گوتی، "پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە نزیکەوە ئاگاداری هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن لە بارەی هەماهەنگیی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆ سزادانی تیرۆریستان، دوای دەرچوونی بڕیاری ژمارە ٢٣٧٩ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ پێکهێنانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش. وەک حکوومەتی هەرێم هەماهەنگیی بەردەواممان لە چوارچێوەی لیژنەی هەماهەنگیی نیشتمانیی هاوکاریکردن لەگەڵ یونیتاد (NCC) لەسەر زۆر بابەت هەبووە. لەوانە بنیاتنانی توانای دادوەر و لێکۆڵەران، بە دیجیتاڵکردنی بەڵگەنامەکان، پاراستنی شایەتحاڵەکان، هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕاندنەوەی پاشماوەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ دەستگیرکراوەکان. بە ئامانجی سزادانی تاوانباران لە دادگایەکی تایبەتمەند و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییەکان."

ئەوەشی خستەڕوو "لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکان بە هاوکاری لەگەڵ یونیتاد، بە هەزاران بەڵگەنامە کە پێکهاتوون لە بەڵگەنامە و دۆسیەی یاسایی و ڤیدیۆ و وێنە و تۆمارە دەنگییەکان لە فەرمانگە جیاجیاکان، کۆکراونەتەوە. لەوانە: لە فەرمانگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێنراوەکان ٣٥٤٣ کەیس لە ٥٣٩٣ لاپەرەدا تۆمار و ئەرشیف کران.
لە هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی ٣٨٤ مێگابایت (١٢٤ وێنە) و (٢٨.٣) گێگابایت لە (١٠٥ ڤیدیۆ) ئەرشیف کراوە. ئێستاش کار لە پڕۆژەکە بەردەوامە.

سەبارەت بە ئەگەری لێپێچینەوە لە تاوانبارانی داعش، د. دیندار زێباری گوتی، "ئەو تاوانانەی داعش دژی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە، بە تاوانی نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێن، چونکە دەچێتە خانەی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید، بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەشنووسی یاسای دامەزراندنی دادگای تایبەتمەندی ئامادەکرد و ئاراستەی پەرلەمانی هەرێمی کرد و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کرا."

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستەڕوو کە چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و یونیتاد بۆ هەمان مەبەست کران، بەڵام لە پێشینەیەکی بێ وێنەدا، دادگای باڵای ئیتحادی بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان پڕۆژە یاساکەی ڕەتکردەوە.
"لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوە دەکەین کە پێویستە گفتوگۆی زیاتر بە بەشداریی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت و پشتگیری لەم پڕۆژەیە یاسایە و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم بەتایبەتی یاسای دژە تیرۆر بکرێت و پشتیان پێ ببەسترێت بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لەبەردەم دادگا نیشتمانییەکان."