Skip to the content

لە جنێف حکوومەتی هەرێم و خاچی سووری نێودەوڵەتی تاووتوێی پرسی بێسەروشوێنانیان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە میانەی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی حکوومەتی ئیتحادی، رۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، سەردانی بارەگای سەرەکیی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سووریان لە جنێف کرد و لەلایەن ئەدیب نەحاس، جێگری بەڕێوەبەری هەرێمایەتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی دوور و ژمارەیەک لە بەرپرس و شارەزایانی بارەگای سەرەکیی کۆمیتەی ناوبراو پشوازی کران.

لە کۆبوونەوەیەکدا د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، داوای لە بەرپرسانی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد، لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی کوردستان و پلانی نیشمانیی مافەکانی مرۆڤ لە بابەتی بێسەروشوێنبووان، پاڵپشتی لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بکرێت؛ لە ڕووی بونیاتنانی تواناکان، لۆجستی، مەشق و راهێنان و ئاڵوگۆڕی پسپۆڕی، تۆماری بێسەروشوێنبووان لەسەر ئاستی هەرێم ناوەند و بەستنەوەی داتابەیسەکانی هەرێم و ناوەند بە دانانی میکانیزمێکی هاوبەش و باوەڕپێکراو، لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە.

نوێنەری خاچی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگ و کردەیی ئێمەیە لە ئەرکەکانماندا."

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی بەشداریی خاچی سوور کرایەوە لە پڕۆسەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی، بەوەی تا ئێستا چەندین وۆرکشۆپی رێکخستووە لەو رووەوە و جەخت لەسەر بەردەوامبوونی خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ ئەو کارانە کرایەوە.

شایەنی باسە ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن پەیمانگای قورتوبە بۆ ئاشتی لە جنێف ڕێکخرابوو.