Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی ٣٠ی ئابی٢٠٢٢‎‎، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی پێکهاتەکان سازکرا. دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد بە ئامادەبوونی وەزیری کاروباری پێکهاتەکان، لایەنە پەیوەندیدارە حکومی و ناحکومییەکان، و ئاژانسەکانی یو ئێن. کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدرا.

بۆ پاراستنی پێکهاتەکان چوار بنەمای سەرەکی هەن کە ئەمانەن: پاراستنی بوون، پاراستنی ناسنامە، نەبوونی جیاکاری و ڕەخساندنی دەرفەتەکان بە یەکسانی و مافی بەشداری کردنی کارا. ئەم چوار بنەمایە لە کوردستان بە تەواوی ڕەنگی داوەتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٣ حکومەتی هەرێمی کوردستان (لائحة حقوق القومیات و الادیان و الطوائف الدینیة فی اقلیم کوردستان العراق)ی دەرکرد، کە بەڵگەنامەیەکی گرنگە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەموو ڕوویەکەوە، و یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ هەنگاوێکی بێ وێنەیە لە عێراق و ناوچەکە.

چەندین یاسای دیکە لە کوردستان دەرچوون لەو رووەوە لەوانە: یاسای هەڵبژاردنەکان، دیاری کردنی کۆتای پێکهاتەکان، یاسای باری کەسی و یاسای زمانەکان. هەروەها، لە هەرێمی کوردستان بۆنە و یادی پێکهاتەکان بە پشووی فەرمی دادەنرێن، و بوونی نوێنەرانی جو و بەهائییەکان لە کوردستان هەنگاوێکی بوێرانەیە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەموو پێکهاتەکان مافیان هەیە بەبێ جیاوازی.

بوونی وەزارەتێک تایبەت بە کاروباری پێکهاتەکان ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەت بە پرسی پێکهاتەکان، و ئەنجومەنی وەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری کار دەکەن بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە پێداچوونەوەی کەیسەکانی پێکهاتەکان.

هاوکات چەند پێشنیارێک خرانەڕوو بۆ باشترکردنی ڕەوشی پێکهاتەکان، لەوانەش لەسەر ئاستی ئەمنی و سەربازی بەشداری پێکهاتەکان زیاتر بکرێت بەپێی ڕێژە و شوێنی جوگرافییان، ئەرکی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ بە دامەزراوەیەکی حکومەت بسپێردرێت بۆ بەدواداچوون لە میکانیزمی جێبەجێکردنی، بابەتی هەڵبژاردن لە یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ جیا بکرێتەوە، و هەر دەستکاری کردنێک لە کۆتای پێکهاتەکان پێویستە بە ڕاوێژ و ڕەزامەندی نوێنەرانی پێکهاتەکان بێت لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان،چونکە ئەم بابەتە بە یاسا رێکخراوە.