Skip to the content

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی تایبەت بە رووبەرووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان کرد

ئەمڕۆ يەکشەممە رێکەوتی ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٣، د.دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کاری هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە چوارچێوەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا عەلی ئەلبەریر، بەرپەرسی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی رێکخراو (UNODC) لە هەولێر، ئاژانسەکان نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوەکان، نوێنەرانی وڵاتانی کۆمەک بەخش، پەرلەمانی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و داواکاری گشتی ئامادەبوون.

لە وتەیەکدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان راگەیاند:''بە حوکمی شوێنی جوگرافیی هەرێمی کوردستان وەک ترانزێتێکە بۆ تێپەڕبوونی ماددە هۆشبەرەکان لە رێگای سنووری وڵاتانی دراوسێ و هەروەها گروپە چەکدارەکان ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنن بۆ ئەنجامدانی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان، لە هەمان کاتدا رێگا و شێوازی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێت بۆ هێنان بردن و بارزگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان ژمارەی ئالوودەبووان لە هەڵکشاندا بێت.

دیندار زێباری ئاماژەشی بەوەدا کە ئێستا هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێت لە رووبەرووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، چونکە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا حاڵەتەکانی ئالوودەبوون و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان کەم بوون، بەڵام لە ئێستادا ژمارەکان مەترسیدارن و رۆژانە لە گۆڕانکاریدان، بەداخەوە زیاتر لە (٤٠٠٠) کەس ئالوودەی ماددەی هۆشبەرن و زۆربەشیان گەنجن ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی هەرێمی کوردستان و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا، چونکە زیانەکانی ماددە هۆشبەرەکان ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەندروستین.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی کۆمەک بەخش و رێکخراوەکان لە یارمەتیدانی حکومەتی هەرێم، لەم بارەوە وتی:''حکومەتی هەرێم بە جددی کار دەکات بۆ نەهێشتن و رووبەرووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لەم رووەوە لیژنەیەکی وزاری تایبەت پێکهێناوە، هەروەها لە هەماهەنگیدایە لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی رێکخراو (UNODC)، ئەم هەماهەنگییەش درێژخایەنە و چەندین بوار لەخۆ دەگرێت وەک یارمەتیدانی حکومەتی هەرێم لە توندوتۆڵ کردنی سنوورەکان، ئەنجامدانی مەشق و راهێنان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەرزکردنەوەی تواناکانیان لەم رووەوە، بێبەش نەکردنی هەرێمی کوردستان لەو نەخشە رێگایەی کە دادەنرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەسەر ئاستی عێراق.''

د. دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە لەسەر ئاستی ناوخۆش هەڵمەتەکانی هوشیار کردنەوەی کۆمەڵگا لە مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان دەست پێ بکرێت، لەم رووەوە میدیا و سۆشیال میدیاش رۆڵێکی گرنگیان دەبێت، هەروەها بۆ خۆپاراستن و چارەسەرکردن سەنتەری دووبارە شیاندنەوەی ئالوودەبووان دابمەزرێت.