Skip to the content

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری پلانی هەرێمییان تاوتوێ کرد

د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەردانی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستانی کرد  و لەلایەن 
دادوەر عەبدولجەبار عەزیز، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری پێشوازیی لێکرا.

لە دیدارێکدا چەند بابەتێک تاوتوێ کران لەوانە، راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ و هەماهەنگی حکومەتی هەرێم لەگەڵ رێکخراوی یونیتاد.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە پەسەند کردنی راپۆرتی ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرا و هەنگاوەکانی داهاتوو لە چوارچێوەی پلانەکە و تەحەدیاتەکانی جێبەجێکردنی و  گرنگی هەماهەنگی نێوان هەموو دەسەڵاتەکان لەو پڕۆسەیەدا باس کرا.

سەبارەت بە هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێم و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەو هەماهەنگییە بەردەوام بێت و پتەوتر بکرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکانیان یەک بخەن بەتایبەتی لە بارەی ئەرشیف کردن و بە دیکیۆمێنت کردنی بەڵگەکانی تاوانەکانی داعش، چونکە هەڵگرتن و پاراستنی بەڵگەنامەکان کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە ئەرکی یونیتاد بۆ دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتیانەی دەرهەق بە پێکهاتەکان ئەنجامی داون.

دادوەر عەبدولجەبار عەزیز، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری تیشکی خستە سەر راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە لە بارەی هەرێمی کوردستان بڵاو دەکرێنەوە لە بابەتی جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە راپۆرتەکان زیاتر واقعی بن و تەحەدیاتەکانی بەردەم هەرێم بخەنەڕوو بەتایبەتی لە پرسی ئازادییەکان.

سەبارەت بە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری پلانەکە‌ی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفی کرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مانگانە لە نێوان نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ئەو لیژنەیەی کە لە ئەنجومەنی دادوەری بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە.