Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حکومەت هەنگاوی زۆری بۆ پاراستنی یەکسانیی جێندەری بەپێی ڕاسپاردەکانی پلانی هەرێمی ناوە

لە میانەی هەوڵەکانی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە خاتوو ڕۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتیی بەڕیتانیا کرد. لە دیدارێکدا مافی ئافرەتان، توندوتیژیی جێندەری و هەوڵەکانی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ تاووتوێ کران.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ستایشی هاوکارییەکانی کونسوڵخانەی بەڕیتانیای کرد و هەوڵەکانی لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ تاووتوێ كرد. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان حکومەت و دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری لە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی هەنگاوێکی گرنگە، بەتایبەتی لە بابەتی مافەکانی ئافرەتان و یەکسانیی جێندەری لە هەرێم.

خاتوو ڕۆز، کونسوڵی گشتیی بەڕیتانیا، پابەندیی خۆی بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم دووپات کردەوە وجەختی کردەوە لەسەر گرنگیی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەبارەی مافەکانی ئافرەتان و کەمکردنەوەی توندوتیژیی جێندەری، هەروەها ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی کونسوڵخانەی بەڕیتانیا بۆ سازدانی دوو مێزگردی تایبەت بە نەهێشتنی توندوتیژیی جێندەری و گرنگیی بەشداریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی كرد.

د. دیندار زێباری تیشکی خستە سەر گرنگیی ڕۆڵی سۆشیالمیدیا لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی لەبارەی ڕاسپاردەکانی پلانی هەرێمی و گوتی: "نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەت کار دەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی پڕۆگرامەکانی ڕۆشنبیری، لەبارەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی لە بارەی مافەکانی ئافرەتان، بە پێی ڕاسپاردەکان."

کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا، پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە پڕۆسەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی، بە تایبەتی لەبارەی یەکسانیی جێندەری، وا بڕیارە لە ڕۆژانی ١٢ و ١٤ی ئاداری داهاتوو، دوو مێزگردی تایبەت لەوبارەوە ئەنجام بدات.