Skip to the content

لە ساڵی ٢٠٢٢ هیچ ڕۆژنامەنووسێك لە دەرەوەی یاسا و فەرمانی دادوەری دەستگیر نەكراوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەسەر پرسی ئازادیی ڕۆژنامەوانی و میدیایی وەڵامی سەنتەری میترۆ دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت "لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا ١,٢٦٢ میدیای جۆراوجۆر مۆڵەتیان پێ بەخشراوە و هیچ ڕۆژنامەنووسێك بەبێ بڕیاری دادوەر و لە دەرەوەی یاسا دەستگیر نەكراوە".

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان سەبارەت بە دۆخی ئازادییەکانی ڕۆژنامەوانی لە ساڵی ٢٠٢٢ لە هەرێمی كوردستان بڵاوکردەوە.


دوای ئەوە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە ئازادییە میدیاییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕێزیان لێدەگیرێت و پەرەیان پێدەدرێت. لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هەشت هەزار ڕۆژنامەنووس تۆمارکراون، بەلایەنی کەمیشەوە هەزار کەس هەن کە بەبێ ئەندامییەتیی ئەو سەندیکایە کاری ڕۆژنامەگەری دەکەن. لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا هەزار و ٢٦٢ میدیای دیجیتاڵی و ڕۆژنامەوانی مۆڵەتیان بەدەستهێناوە: ٥٠ ماڵپەڕ، ١٣٨ ڕادیۆ، ٩٥٨ ڕۆژنامە و گۆڤار، ٣١ کەناڵی مانگی دەستکرد و ٨٥ وێستگەی پەخشی ناوخۆیی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ژمارەیە دەتوانین بڵێین کە لە هەر ٧٧٨ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان، یەکێکیان ڕۆژنامەنووسە. جگە لەوەش هەر گروپێک کە لە چوار هەزار و ٩٠١ هاووڵاتی پێکهاتووە، بەرانبەر بە یەک میدیای ئەلیکترۆنی یان ڕۆژنامەوانییە".

گوتیشی: "دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا بە جێبەجێکردنی فەرمانە دادوەرییەکانەوە پابەندن و فەرمانی دادوەری پێشمەرجە بۆ ئەنجامدانی دەستگیردن و دەستبەسەرکردن. هیچ پڕۆسەیەکی پێچەوانە ڕێگەپێدراو نییە و هیچ دەستگیرکردنێکی دەرەوەی دادوەری تۆمار نەکراوە. چوار سەرۆکایەتیی دادگاکانی تێهەڵچوونەوە هەن کە لەڕووی کارگێڕی و داراییەوە سەر بە ئەنجوومەنی دادوەرین و سەربەخۆن لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بڕیارانەی کە بە پێی یاسا کارپێکراوەکان لە هەرێمی کوردستان دەیدەن".

لە وەڵامی سەنتەری میترۆ، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "سەنتەری میترۆ نیگەرانیی خۆی لەبارەی بەکارهێنانی یاسای تر جگە لە یاسای ڕۆژنامەوانی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ بۆ کەیسەکانی پەیوەست بە ڕۆژنامەگەری پیشانداوە." دیارە دەسەڵاتی دادوەری پێوەری تایبەتی خۆی هەیە بۆ جیاکردنەوەی یاسا پەیوەندیدارەکان لە یاسا ناپەیوەندیدارەکان و جێبەجێکردنیان لە چوارچێوەیەکی دادوەریی درووستدا. هەرچەندە ئەوە بۆ دەسەڵاتی دادوەرییە کە جێبەجێکردنی یاساکان لە دادگادا ڕوون بکاتەوە، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە یاسای ڕۆژنامەگەری چالاکە و پێویستە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت".

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "حکومەتی هەرێم پابەندە بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤەوە، بەتایبەتی لەڕووی پاراستنی ئازادییە میدیاییەکانەوە. لەم ڕووەوە، مافی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادییەکانی میدیا لە ڕاپۆرتی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤدا بە تەواوی باسکراوە، کە چوارچێوەیەکی گشتگیرە بۆ چەسپاندنی هەموارکردنە یاسایی و جێبەجێکارییەکان. بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆسەکە، نووسینگەی ڕێکخەر بەمزووانە کۆمەڵە ڕێکارێک دەردەکات کە گشتاندنیان بۆ دەکرێت لە سەرانسەری دامودەزگاکانی هەرێمدا. ئەو ڕێکارانە دەبنە هۆی خێراکردنی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی، لەوانەش پتەوکردنی میکانیزمی لێپێچینەوە لە کاتی بوونی دەنگۆی پێشێلکارییەکانی دژ بە ئازادی ڕادەربڕین، خێراکردنی پڕۆسەی پێدانی زانیاری لەلایەن دامودەزگا فەرمییەکان، خێراکردنی پڕۆسەی سەرەتایی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو دۆسیانەی تایبەتن بە کاری ڕۆژنامەگەری، جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و چەند ڕێوشوێنێکی دیكە".