Skip to the content

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی راپۆرتی هیومان ڕایتس ووەتچ دەداتەوە

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بەیاننامەیەکدا وەڵامی راپۆرتی ساڵانەی هیومان رایتس ووەتچ بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دەداتەوە و ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیە:

لە ڕێککەوتی ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ووەتچ (HRW)، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر زۆرێک لە وڵاتان بڵاوکردەوە، لەوانەش عێراق و هەرێمی کوردستان، کە تێیدا چەند نیگەرانییەکی خستۆتەڕوو.
 
ئێمە لێرەدا رایدەگەیێنین کە  هەرێمی کوردستان نموونەی هەرێمکی سەرکەوتووە بۆ دیموکراسی و بەرجەستەکردنی بەها دیموکراتییەکان، لەوانەش مافی ئازادی ڕادەربڕین، و پابەندە بە سیستەمێکی پتەوی بەرزەفتکردنی دامەزراوەیی لە نێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری. هاوکات کۆمەڵگەیەکی مەدەنی چالاک لە هەرێمی کوردستان هەیە وەک چاودێر، ئەمە بەدەر لە بوونی چەندین ڕێکخراو و ئاژانس و دامەزراوەی نێودەوڵەتی کە بەشدارن لە چاودێریکردن و بەرەوپێشبردنی ستاندەرەکانی مافی مرۆڤ.
 
لەبارەی ئەو بابەتە یاساییانەی لە ڕاپۆرتی ناوبراو وروژێندراون، مۆڵەتەکانی دەستگیرکردن لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کە دەرچوون. هەروەها پێویستە ئەوە ڕوون بێت کە ئەو تێبینیانەی ڕاپۆرتی ناوبراو ئاماژەی پێداون لە کاتی لێکۆڵینەوە خراونەتەڕوو و لە قۆناغی دادگاییکردندا پشتڕاستکراونەتەوە، و هیچ پەیوەندییەکیان بە کاری ڕۆژنامەوانی و چالاکوانی تۆمەتبارەکان نەبووە. پەڕاوی لێکۆڵینەوەکان بە پڕۆسەیەکی شەفافی دادوەریدا ڕۆیشتوون. هەندێک لەو تۆمەتبارانەی لە ساڵی ٢٠٢١ حوکمدران، ماددەی ١ی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ یان بەسەر ساغ بووەتەوە، چونکە خۆیان لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و قۆناغی دادگاییکردندا بە ئاشکرا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە. لە ڕێککەوتی ٢١/٢/٢٠٢٢، سزاکەیان بە ڕێژەی %٦٠ کەمکرایەوە، ئەوەش دوای دەرکردنی فەرمانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
 
سەبارەت بە هەندێک بابەت کە دوورن لە دابونەریتی کۆمەڵایەتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پاراستنی هاوسەنگی نێوان یاسا نیشتیمانییەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. لە هەرێمی کوردستان ڕێز لە ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکان دەگیرێت. هەرچۆنێک بێت، ئەم پرسانەی کە هەستیاران بە دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان و لە ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس ووەتچ هاتوون، پێچەوانەی یاسا بەرکارە نیشتیمانییەکانە و حکومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستن و سەپاندنی یاسا.
 
سەبارەت بە پێکدادان و بۆردومانە سنوورییەکان، لەوەتەی دەستیان پێکردووە لێکەوتە مرۆییەکان لە ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و تایبەت، و شەهیدکردنی خەڵکی مەدەنی بێتاوان ڕەنگیان داوەتەوە. لەبارەی دواین بۆردوومانەکانی سەر هەرێمی کوردستان هەروەک لە ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس ووەتچدا هاتووە، چەند لایەنێکی نێودەوڵەتی ساغیان کردۆتەوە کە پێشێلکاری یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و هەندێک لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانیان لێکەوتۆتەوە. وەک نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم، داتا و زانیاری پێویستمان بە لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان داوە و لەسەر هێڵین لەگەڵیان بۆ ئاشکراکردنی لێکەوتە مرۆییەکانی بۆردوومانەکان و بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەیان.
 
تەنیا لە مانگى کانونى دووەمی ٢٠٢٢ تاکو  مانگی تەمموزى هەمان ساڵ، ١٧ هێرشى ئاسمانى و تۆپباران لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە ئەنجامدراون، کە ٥٩ قوربانیان لێکەوتۆتەوە و ١٧ کەس گیانیان لەدەستداوە لە نێویشیاندا چوار منداڵ و ئافرەتێك هەبوون، بەدەر لە برینداربوونی ٤٢ کەسی دیکە کە لەنێویاندا ١٤ منداڵ و ١٨ ئافرەت بوون. هێرشەکەی سەر سەیرانگای گوندی پەرخێ لە سنووری زاخۆ لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٢، بووە هۆی کوژرانی ٩ هاوڵاتی مەدەنی (٥ پیاو و ژنێک و ٣ کچ)، و برینداربوونی ٣٠ کەس (٣ پیاو، ١١ ژن و ١٣ منداڵ کە ٤یان کچ و ٩یان کوڕ بوون). لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردوودا بەهۆی ململانێی نێوان هێزە چەکدارەکانی تورکیا و پەکەکە، ٢٨ گوند بە تەواوی چۆڵ کراون و زیاتر لە ٨٠ هەزار  دانیشتووی ئەو ناوچانەش ئاوارەبوونە. سەبارەت بە بۆردوومانکردنی کۆیە و زڕگوێز و پردێ لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ١٧ کوژراو و ٤٦ بریندار کەوتۆتەوە، کە ٢٠یان هاووڵاتی مەدەنی بوون. یەک لە کوژراوەکان کۆرپەی دایکێکی دووگیان بوو کە دوای نەشتەرگەری کردن مرد.
 
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان چەند ڕێکارێکی ئامادەکردووە بۆ خێراکردنی پڕۆسەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان (٢٠٢١-٢٠٢٥)، کە نەخشەڕێگایەکی گشتگیرە بۆ چەسپاندنی گۆڕانکاری یاسایی و ئیداری لە ٢٧ بواری جیاجیای مافی مرۆڤ. لەناو ڕێکارەکاندا، جەخت لە بەرەوپێشچوونی مافی ئازادی ڕادەربڕین کراوەتەوە، لەڕێی زیادکردنی خولی ڕاهێنانی دادوەری، سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە، هەمواکردنەوەی یاسای ڕۆژنامەگەری و یاسای دەستگەیشتن بە زانیاری، سەیرنەکردنی ناوزڕاندن وەک تاوان لە چوارچێوەی ئەرکی ڕۆژنامەوانیدا، پێدانی زانیاری و ڕوونکردنەوەی فەرمی لە کاتی داواکردنیان لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە، هتد. دواتر ڕێکاری تر بۆ بوارەکانی تر ئامادە دەکرێن و گشتاندنیان بۆ دەکرێت. جێی باسە کە حکومەتی هەرێم تا ئێستا لە کۆی ژمارەیەک ڕاسپاردە کە لە چوارچێوەی پانۆڕامای خولیی گشتگیر (UPR) ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون، ١٧٩ دانەی جێبەجێکردووە و دامودەزگا فەرمییەکان بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و ئاژانسەکانی یو ئێن ئێستا سەرقاڵی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی ترن.