Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیيەکان: حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی مافەکانی ژنان بەردەوامە

لە ڕێکەوتی ١٢ى ئادارى ٢٠٢٣، بە هەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵخانەی گشتیی بەڕیتانیا، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان مێزگردێکی لەبارەی توندوتیژیی خێزانی و مافەکانی ژنان بەڕێوە برد. لە مێزگردەکەدا هەریەک لە بەڕێوبەری گشتیی توندوتیژیی خێزانی و جێگری داواکاری گشتی و ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای خانمان و ڕاوێژکاری دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ و ژمارەیەک لە ڕێکخراوە نێوخۆی و نێودەوڵەتییەکان بەشداریان کرد. 

‎سەرەتا ڕۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتیی بەڕیتانیا ڕایگەیاند: "خۆشحاڵن بەشێک بن لە پاڵپشتیکردن و سەرخستنی ڕاسپاردەکانی ناو پلانی هەرێمی، ئێستا وەک حکومەتی بەڕیتانیا پلانی خۆیان سەرپێ خستووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و بەرەوپێشبردنی مافەکانی ژنان. بەرەوپێشبردنی مافەکانی ژنان پلان و بەرژەوەندییەکی هاوبەشی هەردوو لایەنی حکومەتی هەرێم و بەڕیتانیایە، بۆیە پێویستیان بەوەیە سوود لە یەکدی وەربگرن". 

دواتر د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم وتارێکی لەبارەی توندوتیژیی خێزانی و مافەکانی خانمان لەناو پلانی هەرێمیدا پێشکەش کرد. لە وتارەکەدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی خستە سەر ڕاسپاردە پەیوەندیدارەکان بە مافی خانمان لە پلانی هەرێمی، وتارەکەی لە سێ تەوەر پێک هاتبوو کە بریتی بوون لە: دەستکەوتەکان، بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان، پێشنیازەکان. 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "ئێستادا ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک بوونەتەوە کە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەست نییە بە لایەنە حکومییەکانەوە، بەڵکوو پەیوەندی بە کولتوور و کۆمەڵگەوە هەیە، سەرەڕای ئەمەش حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی خۆی نەوەستاوە بۆ بەرەوپێشبردنی مافەکانی ژنان. دەبێت پەرەی زیاتر بدرێت بە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنگەری و هۆشیاریی تاک لە ڕێگەی مینبەرەکان و مامۆستا ئاینییەکانەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەماهەنگیمان کردووە". 
 
 مێرڤانت ڕیشماوی، ڕاوێژکاری مافەکانی مرۆڤ، سەرنجی خستە سەر گرنگیی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی جێندەری بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان بە شێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ. ڕاشیگەیاند: "ئێستا جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پلانی هەرێمی پێویستی بە بەرەوپێشبردنی زیاترە، لەمانەش شارەزا و پسپۆڕی بواری جێندەر، کۆکردنەوە و تەرخانکردنی داهاتی ماددی و مرۆیی، میکانیزمی گونجاو بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی".
 
‎ئیڤا تەبەسەم بەڕێوبەری ڕێکارەکانی جێندەری بۆ ئاشتی و ئاسایش ڕایگەیاند: " پێویستە مانای چەمکی جێندەر بۆ کۆمەڵگە ڕوون بکرێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی هەڵچوون بە هۆى حاڵینەبوون لە چەمکەکە".