Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەخت لە نەهێشتنی جیاکاری لە نێوان پێکهاتەکان دەکاتەوە

رۆژی سێشەممە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣، نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە هاوبەشی لەگەڵ گروپی کۆمپانیاکانی هێمن مەراسیمێکی سەبارەت بە بەشداری کردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کەرتی تایبەت لەگەڵ حکومەت بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پلانی هەرێمی بەتایبەتی لە بواری گەشەپێدان و ڕەخساندنی هەلی کار و نەهێشتنی جیاکاری لە نێوان پێکهاتەکان ساز کرد.

لە مەراسیمەکەدا ژمارەیەک وەزیر، پاريزگار، ئەندامی پەرلەمان، کونسوڵی وڵاتان و نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کەسایەتییە ئایینییەکان و نوێنەرانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان ئامادە بوون.

د.دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی ئەرکی هاوبەشی حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کەرتی تایبەتە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کاریگەریان لەو بوارەدا هەبێت.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ستایشی کۆمپانیای هێمن گروپی کرد بۆ هەوڵەکانیان لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکان بەبێ جیاوازی، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکگرتن و گشتگیری کە دواجار ئامانجیان بەرەوپێشبردنی هەنگاوەکانی نەهێشتنی جیاکاری و بەرەو پێشبردنی گیانی لێبووردەیی و پێکەوە ژیانە.

د.دیندار زێباری گوتیشی، حکومەتی هەرێم هەوڵدەدات ژینگەیەکی لەبار فەراهەم بکات بۆ قبوڵکردن و لێکتێگەیشتن لە نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، بۆ پتەوکردنی لێبوردەیی، یەکسانی، کلتوری لێکتێگەیشتن، ڕێزگرتن و یەکتر قبوڵ کردن لەنێوان هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەبێ گوێدانە ڕەگەز، تەمەن، ڕەگەز یان پێگەی کۆمەڵایەتی.

لە کۆتایی وتارەکەیدا رێکخەری راسپادە نێودەوڵەتییەکان گوتی:''چڕکردنەوەی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان کەرتی گشتی و تایبەت یەکێک بوو لە بابەتە سەرەکییەکانی کارنامەی کابینەی حکومەت و جەنابی سەرۆکی حکومەت لە ڕاگەیاندنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم جەختی لەسەر گرنگی بەشدارییەکی لەو شێوەیەی کردەوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسە خێراکردنی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ، هەروەها هۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەی دەرفەتی یەکسان و سوود وەرگرتنی خێرا لە سەرچاوە مرۆییەکان بەهێزتر بێت لە گشت بوارەکاندا. ''

وەلید خالید خۆشناو بە نوێنەرایەتی گروپی کۆمپانیاکانی هێمن وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی:''ئێمە لە هێمن گروپ مەبەستمانە لەم دیدارەدا تیشک بخەینە سەر کاری هاوبەشی نێوان کەرتی تایبەت و حکومەت، چونکە تەنیا لە بەرەو پێشبردنی ئابووری و بونیادنانی ژێرخاندا تەواوکەری یەکتر نین، بەڵکو لە بابەتەکانی تایبەت بە توانا مرۆییەکان و نەهێشتنی جیاکاری و پتەوکردنی گیانی پێکەوەژیان لە نێوان رۆڵەکانی ئەم وڵاتەشدا هاوکار و تەواوکەری یەکترن.''

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وتی: ''ئێمە لە هێمن گروپ دوور لە هەر جۆرە جیاکارییەک هەلی کارمان بە یەکسانی بۆ زیاتر لە (3000) کرێکاری هەرێمی کوردستان رەخساندووە لە ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان وەک موسڵمان، مەسیحی، ئێزیدییەکان، بەهائی، کلدان، کاکەیی، سابیئەی مەندائی و تورکمان، شەبەک و زەردەشتی.''

لە هەمان مەراسیم فلۆریان ڕازسبێرگەر نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە کە شان بە شانی حکومەت هەوڵ بدەن بۆ جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ.

لەلای خۆیەوە یۆکۆ فوجیمورا بەرپرسی ئۆفیسی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM) لە هەولێر، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی بەرز نرخاند بۆ پابەندبوون بە راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و پابەندبوونی (IOM) ی بۆ پشتیوانی کردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی دووپاتکردەو.