Skip to the content

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم: حکومەت ئیرادەیەکی بێوچانی بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافی برا ئێزدییەکان هەیە

لە ژێر ڕۆشنایی هەندێک هێرش کە لەم دواییانەدا لە چەند ماڵپەڕی دیاریکراو و سنوردار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی پێکهاتەی ئێزدی ئەنجامدرا، هەینی ڕابردوو چەند مامۆستایەکی ئایینی کە ڕێژەیان لە چوار بۆ پێنج کەس تپەڕی نەدەکرد ڕوونکردنەوەیان دابوو لەسەر بابەتەکە، بەڵام لە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستێکی تێکدەر هەبوو بۆ ئەوەی بابەتەکە بەلاڕێدا ببرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە ئیرادەیەکی بێوچانی بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافی برا ئێزدییەکان هەیە.

لە ئیدانەی ئەو کارەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە لە هەرێمی کوردستان ٦ هەزار و ٥٠٠ مزگەوت و بڵندگۆی ئایینی هەیە و لە کۆی ئەو ژمارەیە تەنیا چوار بۆ پێنج مزگەوت باسی هێرشکردنە سەر مزگەوتی موسڵمانانیان لە شنگال کردووە و ئەو مامۆستا بەڕێزانەش دواتر لەگەڵ مامۆستا ئێزدییەکان دانیشتوون و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی دا جەختیان کردەوە کە ئەوان مەبەستیان بڵاوکردنەوەی وتاری ڕق و کینە نەبووە و تەنیا ئاماژەیان بەوەداوە کە چەند گەنجێکی ئێزدی لە ڕێگەی بەکارهێنانی بەردهاویشتنەوە هێرشیان کردووەتە سەر مزگەوتێک لە شنگال و ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە هەموو ئێزدیان تاوانبار بکرێن، بەڵکوو وەک ئایینی پیرۆزی ئیسلام پێویستە ڕێز لە هەموو ئایینەکانی دیکە بگیرێت و ڕێگەش لەو دەستە دەرەکییە بگیرێت کە دەیەوێت پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان تێکبدات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هەر گوتارێکی نابەرپرسانە و ڕقاوی دەکات کە بە شێوازێکی دژکارانە هەوڵدەدات بۆ شێواندنی ناوبانگی ئێزدیان. حکومەتی هەرێم ڕاشیدەگەیەنێت کە قسەی هەندێک کەسی نابەرپرس گوزارشت لە ڕای گشتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ناکات و پێشتریش سزای ئەوکەسانە دراوە کە گوتاری توندیان لە دژی پێکهاتەی دیاریکراودا داوە تەنانەت مامۆستای ئایینیش لەسەر ئەم بابەتە سزادراون.

دوپاتیدەکەینەوە سەرەڕای بوونی بارگرانی دارایى و هەبوونی دەستی دەرەکی بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردوستان، حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە پەرەپێدانی مافی ئێزدییەکان و شانازیەکی هەرە درەوشاوەی هەرێمی کوردستان بریتییە لە پێکەوەژیان و تەبایی نێوان پێکهاتە جیاوازە ئایینى و ئیتنیکییەکان.

لەسەرانسەری هەرێمی کوردوستان ژمارەیەکی زۆر کەم لە پۆستی سۆشیاڵ میدیا هەبووە لە سەر ئەم بابەتە، کە لە چوار بۆ پێنج کەس تێ ناپەڕێت، کەچی ئەو بابەتە زۆر گەورە کراوە، گوتاری ڕق لە کوردستان بوونی نییە، مامۆستا هەبووە سەر بە لایەنێکی دیاریکراوی سیاسی لە مزگەوت لادراوە، چونکە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گوتاری ڕقی ئامێزی هەبووە بەرامبەر بە پێکهاتەیەکی دیاریکراو و دراوەتە دادگا و ڤیدیۆی پەشیمان بوونیشی بڵاو کردووەتەوە. بە هەزاران مامۆستای ئایینی بە دیاریکراوی و بە کردار هێرشی سەر مزگەتەکەی شنگالیان سەرکۆنە کردووە، بەڵام گوتوویانە کە ئەمە لەسەر برا ئێزدییەکان هەژمار ناکرێت، هەروەک چۆن ڕەفتاری ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لەسەر ئایینی ئیسلام هەژمار ناکرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی خوشک و برا ئێزیدیەکان، ئەوانەی لە هەرێم نیشتەجێن و ئەوانەی کە لە پاش هێرشی تیرۆرستانی داعش ئاوارەی هەرێم بوون، هاوکاریەکانیش بریتین لە دەستەبەرکردنی خواستەکانیان و لەم دواییەشدا ئاسانکاری گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان بۆکراوە. بە گشتی ئەم ڕێوشوێنانە بریتین لە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە، چاودێری تەندروستی، و پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.

جگە لەوەش حکومەتی هەرێم پابەندبوونی چەسپاوی بۆ دۆزی کوردانی ئێزدی نیشانداوە و هەوڵی داوە بۆ بنبڕکردنی هەر گوتارێکی توند دژی پێکهاتەی ئێزدیەکان. حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی هاوبەشە ناوخۆیى و نێودەوڵەتیەکانیەوە هەوڵی داوە بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەکان لەلایەن وڵاتان و ئۆرگانە نێودەوڵەتیەکانەوە، هەروەها بە مەبەستی داننان بە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش حکومەتی هەرێم دۆسیەی هەزاران ڕفێندراوی ئێزدی بەڵگەدار کردووە.

تا ئێستا ٥هەزار و ١٧٠ دۆسیە تۆمارکراوە کە زیاتر لە ٢ هەزار و ٣٢٤ دۆسیە لە دادگاکاندا یەکلایکراونەتەوە، ٢ هەزار دۆسیەی دیکەیان هێشتا ماون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان و ٢هەزار ٩١٦ کەس وەک ونبوو تۆمارکراون، پشتگیری کۆمەڵایەتی و دەروونی پێشکەش بە زیاتر لە ٢ هەزار و ٢٣٤ قوربانی کراوە. لەلایەکی ترەوە بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی داعش حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی لیژنەی هەماهەنگی نیشتمانی عێراق (NCC) وە دامودەزگایەکانی هەماهەنگی لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیتاد) کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە ئەو تاوانانەی کە لەلایەن داعشەوە ئەنجام دراوە بە تایبەتی دژی پێکهاتەی ئێزدی.
حکومەتی هەرێم هەوڵی بێوچانی داوە بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوەکان، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ڕفێندراوان و بودجەیەکیشی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کردووە، تا ڕێکەوتی ٢٢/٢/٢٠٢٢، ٣ هەزار ٥٥٢ کەس ڕزگارکراون، لەوانە ١ هەزار ٢٠٧ کەسیان ئافرەت، ٣٣٩ کەسیان پیاون و ٢ هەزار و ٧١٩ کەسیان هێشتا بێسەروشوێنن.