Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ڕاوێژکارى تایبەتی سکرتێری گشتی UN جەخت لە بە دۆکیومێنت کردنی تاوانەکانى داعش دەکەنەوە

ڕۆژی٢٩ ئایارى ٢٠٢٣، کریسچن ڕیتشەر، ڕاوێژکارى تایبەت و سەرۆکى تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی (UNITAD) لە هەولێر سەردانى نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کرد و لەلایەن د.دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە پێشوازیی لێکرا.

لە دیدارێکدا تیشک خرایە سەر ئەو بوارانەی کە هەردوو لەسەری هەماهەنگن و لە وتەیەکدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند:'' پڕۆژەى ئەرشیفکردن و بەدیجیتاڵکردنى ئەو بەڵگانەی پەیوەستن بە تاوانەکانى داعش کە لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانى هەرێمی کوردستان پارێزراون پێشکەوتنێکى باشى بەدەستهێناوە و لە هەمان کات دا چاوپێکەوتن لەگەڵ گیراوانى داعش لە ئێستادا کاری لەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەی بەپێی پڕۆتۆکۆڵى لێکۆڵینەوەى (UNITAD)و بنەما نێودەوڵەتییەکان ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدرێت و بە مەبەستی دامەزراندنی فەرمانگەى پاراستنى شایەتحاڵەکان، ڕەشنووسى پڕۆژە یاسایەک لە هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە.''

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر دامەزراندنى پسپۆڕانى نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان کرایەوە بۆ سوود وەرگرتن لە شارەزاییان لەگەڵ تیمەکانى (UNITAD)، هەروەها بەشداری پێکردنى نوێنەرانى حکومەتى هەرێم لە لیژنەى هەماهەنگیکارى نیشتمانى لە کۆبوونەوە و بۆنە نێودەوڵەتییەکانى تایبەت بە ناساندنی تاوانەکانى داعش، لەوانەش ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیار وایە لە سەرەتاى مانگى حوزەیرانى ئەمساڵ لە نیویۆڕک بەڕێوە بچێت سەبارەت بە بەکارهێنانى چەکى کیمیایی لەلایەن داعشەوە.

لەلایەن خۆیەوە ڕاوێژکارى تایبەت و سەرۆکى تیمى لێکۆڵینەوە ستایشى نووسینگەى ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە پیشکەش کردنى ئاسانکاری و پاڵپشتی بۆ چالاکییەکانی تیمەکانی (UNITAD) لە هەرێم و کوردستان و ڕایگەیاند، گەشبینن بەوەى کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتە بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ تاوانبارانی داعش بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

کریسچن ڕیتشەر، ئەوەشی خستەڕوو کە دادوەرەکانی هەرێمی کوردستان سوودیان لەو خولانە وەرگرتووە کە پێشتر لە ڕێگای (UNITAD)ەوە بەشدارییان تێیدا کردووە و توانای دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعشیان هەیە.

هەروەها سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە هاوکار بووە لە پێدانی زانیاری بە مەبەستی پشتگیری کردن لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر تاوانبارانی داعش لە وڵاتی سێیەم.