Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: پێویستە گشت دەسەڵاتەکان لە جیبەجێکردنی پلانی هەرێمی بە ڕۆڵی خۆیان هەستن

لە چوارچێوەی پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٣، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، مێزگردێکی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێكخراوی فریاكەوتنی میللی (PAO) ڕێکخست.

مێزگردەکە تایبەت بوو بە تاوتوێ کردنی ڕاسپاردەکانی تایبەت مافە مەدەنی و سیاسییەکان و تێیدا نوێنەرانی سەرۆکایەتی هەرێم، دەسەڵاتی دادوەری، وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئامادەی بوون.

د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وتەیەکدا رایگەیاند:'' قبوڵ کردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، مانای ئەوەیە کە نیەتێک هەیە بۆ جێبەجێکردن و پابەندبوون بە ڕاسپاردەکان.''

د.دیندار زێباری باسی لەوەش کرد کە حوکمڕانی باش و بەدیهێنانی چاکسازی بە ڕوونی لە پلانی هەرێمیدا ڕەنگی داوەتەوە و حکومەتی هەرێم هەنگاوی گرنگی ناوە و سەقفی زەمەنیش دانراوا بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان بەپێی توانای حکومەتی هەرێم، چونکە پلانەکە پڕۆسەیەکی درێژخایەنە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕاشیگەیاند:'' پلانی هەرێمی پرۆسەیەکی نوێیە بۆ حکومەتی هەرێم، بۆیە دامودەزگاکان پێویستیان بە مەشق و ڕاهێنان هەیە لە زۆر بواردا، بەتایبەتی بۆ دادوەران، لێکۆڵەران، پۆلیس وهێزە ئەمنییەکان کە ئەرکیان جێبەجێکردنی یاساکانە.''

لەبارەی سزای لە سێدارەدانیش د.دیندار زێباری ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا سزای لە سێدارەدان ماوە، بەڵام جێبەجێکردنی سزاکە وەستێنراوە و تەنیا لە هەندێک حاڵەتی دەگمەن نەبێت و تا ئێستاش زیاتر لە ٤٠٠ حوکمی لەسێدارەدان دەرچووە و جێبەجێ نەکراوە.

سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند:'' ئەم بابەتە کە مشتومڕی لەسەرە بە یاسا ڕێکخراوە، بەڵام ئەم یاسایانە پێویستیان بە پێداچوونەوە و هەموارکردنەوە هەیە.''

لە کۆتایی مێزگەردەکەدا د.دیندار زێباری ڕایگەیاند:'' جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تەنیا ئەرکی حکومەتی هەرێم نییە، بەڵکو پێویستە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان لەگەڵ حکومەت بەشداربن بۆ جێبەجێکردنی و دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتیش بەشداری کارایان هەبێت، چونکە بەشێکی زۆری ڕاسپاردەکان ئاماژە بەبوونی یاساکان و زامنکردنی مافەکان دەکەن بەتایبەتی لە بابەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان.''