Skip to the content
Menu

هاوبه‌شی بنیاتنه‌رانە و سه‌قامگیر له‌گه‌ڵ به‌غدا

حكوومه‌تی ئێستا، نوێنه‌رایەتی سه‌رده‌مێكی نوێی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، ئه‌وه‌ش واتا په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانمان له‌ كۆماری عێراقی فیدرال، كاری له‌ پێشینه‌ش گه‌شه‌پێدانی هاوبه‌شی بنیاتنەر‌ و سه‌قامگیره‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتنی هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگی ئامانجدار ده‌بێت، ئه‌وه‌ش به‌ تێگه‌یشتنێكی روون بۆ ماف و ئه‌ركه‌كانی هه‌ردوولا ده‌بێت.

كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ به‌غدا بە یەکەوە دەمانبەستنەوە‌، وه‌كو بازرگانی، ئاسایشی سنووره‌كان و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری بۆ هاووڵاتییانمان، هیچ یه‌كێك له‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ش به‌دی نایه‌ن، ته‌نیا لە رێگه‌ی هاوبه‌شییه‌كی راسته‌قینه‌ نەبێت، نه‌ك كێبڕكێی به‌رده‌وام. چه‌ند پرسێكی درێژخایه‌ن هه‌ن كه‌ پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری پێویست هه‌یه‌ و حكوومه‌تیش پابه‌نده‌ به‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چارەی نوێ بۆ گفتوگۆ، پێویسته‌ ئامانج له‌ گفتوگۆكانیش دووركه‌وتنەوە ‌بێت له‌ ململانێكانی رابردوو، له‌ پێناو گه‌شه‌پێدانی رێبازێكی نوێ، بۆ ئه‌و ئاسته‌نگه‌ هاوبه‌شانه‌ی رووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه‌.

ده‌ستوور بنه‌مایه‌كی جه‌وهه‌رییه‌ له‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌وه‌ش تیمێكی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دانوستانه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات، كه‌ سه‌رنج ده‌خرێته‌ ‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌:

ده‌رماڵه‌ و به‌شه‌ بودجه‌ی ساڵانه‌ی هه‌رێمی كوردستان

هه‌وڵ بۆ دابه‌شكردن و به‌ده‌ستهێنانی پشكێكی دادپه‌روه‌رانه‌ی سامانی وڵات ده‌ده‌ین له‌ بودجه‌ی ساڵانه‌، ئه‌وه‌ش به‌ رێككه‌وتنێكی دادپه‌روه‌ر و به‌رده‌وام بۆ كوردستان.

دابه‌شكردنی سامانی نه‌وت و گاز

هه‌وڵی ته‌واو بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ردوو مادده‌ی 111 و 112ی ده‌ستووری عێراقی فیدرالی ده‌ده‌ین، كه‌ مافه‌كانی كوردستان دەپارێزێت. ئەمەش بەندە به‌ دابه‌شكردنێكی دادپه‌روه‌رانه‌ی نه‌وت و گاز و گه‌شه‌پێدانی ئه‌و كه‌رته‌‌. ئه‌گه‌ر پشتیوانی له‌وه‌ بكرێت، به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت شه‌فافیه‌ت و وه‌به‌رهێنانی زیاتر له‌ كه‌رتی نه‌وت گازدا ده‌كات، هاوكات ئاستی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش زیاتر ده‌بێت.

هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی و ئه‌منی

كار له‌سه‌ر به‌هێزكردنی توانا سه‌ربازییه‌كان ده‌كه‌ین‌، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ هاوبه‌شه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ئه‌منییانه‌ی كه‌ له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كان رووده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و جێگیركردنی ئه‌و هێزه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌می به‌رگری عێراق.

ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان (ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم)

ئێمە کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە ژێر رۆشنایی نەخشە ڕێگایەک کە بەگوێرەی ماددەی 140 ی دەستوور بێت. هەتا ئەو نەخشە ڕێگایەش جێبەجێدەکرێت، حکومەت کاری لە پێشینەی هەماهەنگی و هاوبەشیی ئەمنیی و ئیدارییە لەگەڵ بەغدا لە ناوچە جێ ناکۆکەکان.

هه‌ماهه‌نگی سیاسی

كار له‌سه‌ر به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگی سیاسی ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌غدا، له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ بنه‌مای هاوبه‌شی راستەقینە و ته‌وافوق و هاوسه‌نگی كه‌ له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌.

قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان

بە ڕەچاوکردنی ماددەی 132ی دەستوور، ئێمە پشتگیریی لە مافی دەستووری خۆمان بۆ قەربووکردنەوەی شەهیدەکان، قوربانیانی ئەنفال و ئەوانەی رژێمەکانی پێشوو کاریگەریی لەسەریان جێهێشتووە دەکەین.