حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 26 APR 2024 11:01 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتر هەنگاو دەنێت

SUN, 21 AUG 2016 14:58 | KRG Cabinet

كەریم شنگاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان دووپاتده‌کاته‌وه که پێویستە ئاسانكاری بۆ ئەكتیڤكردنی بواری گەشت و گوزار بكرێت و بە پێویستی زانی لایەنی پەیوەندیدار گوێ لە خواست و داواكاری كۆمپانیاكانی گەشت و گوزار بگیرێت و بەدواداچوون بۆ گرفتەكان بكرێت.

ئەم وتەیەی وەزیری ناوخۆ لەمیانەی كۆڕبەندی گەشتیاری نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق هات كە بە سەرپەرشتی دەستەی گشتی گەشت و گوزاری هەرێم لە هۆتێلی نێودەوڵەتی هەولێر بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەولێر و سەرۆكی دەستەی گەشت و گوزاری عیراقی وژمارەیەك لە بەرپرسانی بواری گەشتیاری و نوێنەرانی كۆمپانیاكانی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان و عیراق لە 21ـی ئاب / ئەگستۆسی 2016 بەڕێوەچوو.


لە دەستپێكی كۆڕبەندەكەدا، مەولەوی جەبار سەرۆكی دەستەی گشتی گەشت و گوزاری هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا، گرێدانی ئەم شێوە دانیشتنانەی بە گرنگ زانی بۆ راكێشانی ژمارەیەكی زیاتری گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان لە هەموو وەرزەكاندا بە تایبەتی لە وەرزی زستان بۆ ناوچە شاخاویەكان بە مەبەستی ئەنجامدانی وەرزشی خلیسكان لەسەر بەفر و گەشتی زستانەی قوتابی و خوێندكاران و ئەنجامدانی وەرزشی شاخەوانی و زۆر چالاكی دیكە.


پاشان وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار بە ناوی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەخێرهاتنی میوانانی كرد و سوپاسی ئەنجامدانی ئەم كۆڕبەندەی كرد و دووپاتیشیكردەوە دانیشتنی لەم جۆرە دەبێتە هۆی بەرزتربوونەوەی ئاستی رۆشنبیری گەشتیاری لەهەردوولادا،دووپاتیشیكردەوە گرنگیدان بە بواری گەشتیاری لە نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان وعیراق تەنها لە بواری ئابوریدا نیە بەڵكو لایەنی كۆمەڵایەتی وكولتووری و سیاسی لە پێشەنگی ئامانجەكانی حكومەتە بۆ پەرەدان بەم كەرتە.


هاوكات جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە گەشت و گوزار تەنها لەیەك وەرزدا نەبێت بەڵكو پرۆسەیەكی بەردەوام بێت بە درێژایی رۆژانی ساڵ ئاماژەی بەوەش دا هەموو دەزگاكانی حكومەت ئامادەن بۆ پێشكەشكردنی ئەو ئاسانكاریانەی بۆ كۆمپانیاكانی گەشت و گوزار و گەشتیاران پێویستن.


دواتر چەندین را و تێبینی لەلایەن ئامادەبوانەوە پێشكەشی وەزیرانی ناوخۆ و شارەوانی و گەشت و گوزار و پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی هەردوو دەستەی گەشت و گوزاری هەرێمی كوردستان و بەغدا وەڵام درانەوە.


شیاوی باسە لەم كۆڕبەندەدا شاندێكی شانشینی ئەردەنی هاشمی بەشداربوو كە بۆ ماوەی هەفتەیەك گەشتێكیان بۆ شوێنە گەشتیاریەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا بە ئامانجی گواستنەوەی پەیامی راستەقینەی هەرێمی كوردستان و ئەزموونی گەشتیاری بۆ جیهانی عەرەبی بەگشتی.