حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 27 APR 2024 03:53 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

ساڵی رابردوو 73 كێڵگەی مینڕێژکراو خاوێن کراونەتەوە و 41 قوربانیشی هەبووە

SAT, 4 FEB 2017 14:02 | KRG Cabinet

دەزگای گشتی کاروباری مین (10,529,777) مەتری دووجا کێڵگەی مینرێژکراو لە ناوچە رزگاركراوەكان خاوێن کردووەتەوە و4288 تەقەمەنی جۆراوجۆر لە مین و بۆمبی چێندراویش لەو ناوچانە پووچەڵ کردووەتەوە، لەگەڵ پوچەڵکردنەوەی469 پارچەی تەقەمەنی UXO. هەر لەو ساڵدا73 كێڵگەی مینڕێژکراو خاوێن کراونەتەوە.

محەمەد ئەحمەد سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند " لە ساڵی 2016 بە گشتی (2,660,505) مەتری دووجا کێڵگەی مینرێژکراو لە ناوچە رزگاركراوەكان خاوێن کراونەتەوە، پاش ئەوەی لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگە رزگارکراون".

كۆمپانیاكانی بواری مین  لە هەرێمی كوردستان

رێژەی هاتنی كۆمپانیاكانی بواری مین  بۆ هەرێمی كوردستان لە بەروارد لەگەڵ ساڵانی رابردوو زیادی كردووە بۆ 25 رێكخراو و كۆمپانیای ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەرز بووەتەوە. لەوانە ئەو رێكخراو و كۆمپانیانەکانی MAG, HI, DRC, SOS, Sterling, FSD, NPA

لە تشرینی یەكەمی 2016 رێكخراوی MAGو كۆمپانیای Sterling  لە ناحیەی باشیك دەستیان بە كار كرد و 25 ناوچەی مەترسی بە بۆمب و تەقەمەنی دەستنیشانکران، کە سەرچاوەی ئاو و وێستگەی كارەبای باشیك لە قوناغی پاككردنەوەدان. لەگەڵ پاكسازی و ھۆشیاری لە هەر یەک لە ناوچەکانی رەبیعە، سنونێ، زومار، شنگال، خازر، داقوق و گوڵاڵە.

بەرنامەی ھۆشیاركردنەوە

هەر ساڵی 2016 لە چوارچێوەی بەرنامەی ھۆشیاركردنەوە، نزیكەی 50 هەزار كەس لە(پێشمەرگە، پیاو، ژن، ئاوارە و پەنابەر) سوودمەند بوون و بە سەدان هەزار ھۆیەكانی ھۆشیاركردنەوەشی دابەشکراون، لەوانە69155 پۆستەر، 29583 نامیلكەی ھۆشیار كردنەوە، 537612 لڤیلت، لەگەڵ چەندین پێداویستی دیکە وەک كارتی زانیاری پەیوەندیكردن،نامیكەی منداڵان (شیعر و چیرۆك)، گۆڤار، یاری مار و پەیژە، دەفتەری قوتابخانە تی شیرت، قەڵەم، ستیكەر، تۆپم مێدالیا، كۆپق كاس، شۆرت و درێس، كاتژمێر، درع و كریستاڵ.

چالاكییەكانیش بە شێوازی كۆ كردنەوە و سەردانكردنی  چادرەكان بووە و راھێنانیش بە بەرپرسی كەرتەكان  و كەسانی كاریگەتر ناو كەمپەكان كراوە بۆ ئەوەی بتوانن چاودێری سەلامەتی خەڵكەكە بکەن.

ریفۆرمی دارایی لە دەزگای گشتی کاروباری مین

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەنوانییەکەی دەزگای گشتی مین، نیازی خالید بەرێوەبەری گشتی كاروباری كارگێڕی و دارایی دەزگاکە رایگەیاند "بەمەبەستی چاكسازی  دارایی و كارگێڕی    لە ساڵی 2016 توانیومانە زیاترلە 2 ملیار دینار خەرجی دەزگا كەم  بكەینەوە و ئەو بڕە پارەیە بۆ خەزێنەی حكومەت بگەرێنینەوە".

جۆرەکانی مین و بۆمبە چێندراوەکانی

دەزگای گشتی مین بەم شێوەیە مین و بۆمبە چێندراوەکانی داعش پۆڵێن دەکات: بۆمبی چێندراوی داعش تێكەڵەیەك لە پەینی كیمیاوی و ئۆیل وەك مادەی ئەمۆنیا، یۆریا و پتاسیۆم.

لە لایەکی ترەوە سەرۆكی جێبەجیكاری خێر خوازی بریتانیا  The Halo Trust بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاند لە عێراق، سوریا و لیبیا مینی ژەهراوی تێکەڵاو هەیە، هەر بۆیە پێویستیان بە کارێکی زۆر بۆ ئەنجامدان هەیە.

وڵاتانی کۆمەکبەخش

هەر یەک لە وڵاتانی ئەمریكا، ھۆلەندا، كەنەدا، سوید، نەرویج، ژاپۆن، ئەڵمانیا، فەرەنسا و رێكخراوی UNOPS یارمەتی دەزگای گشتی مینیان داوە بۆ خاوێنکردنەوەی کێڵگە مینرێژکراوەکانی ناوچە رزگارکراوەکان.

قوربانیانی مین

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی دەزگای گشتی مین، عوبێد ئەحمەد بەرێوەبەری گشتی كاروباری تەكینیكی رایگەیاند:"مین و بۆمبە چێندراوەکان لە ساڵی رابردوو41 قوربانی هەبووە، كە 16یان گیانیان لە دەستداوە و 25 دیکەشی برینداربوون.

پلانی ساڵی 2017

دەزگای گشتی کاروبای مین بۆ ساڵی 2017 پلانی خاوێنکردنەوەی سەدان کێڵگەی مینڕێژکراو لە ناوچە رزگارکراوەکانی پارێزگای نەینەوا هەیە، بەتایبەتی لە گوندەکانی (فازلیە، بەھزانی، ناوەران، خورسیبات) لە قەزای باشیک، لەوانە کێڵگەکانی پرۆژەی ئاو و ناوچە كشتوكاڵییەکانی.

سەرۆکی دەزگای گشتی كاروباری مین، پلان دەزگاکەی بۆ نەهێشتنی مین لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیە خستەڕوو:  "پلانمان هەیە لە ماوەی  10ساڵدا كۆتایی بەبوونی مین وتەقەمەنی لە هەرێمی كوردستان بهێنین".



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان