حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 27 APR 2024 04:10 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبویەوە

FRI, 30 JUN 2017 12:26 | KRG Cabinet


بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە هەولێر، پێشوازی کرد لە وەفدێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی واڵتەر لیندنر وەزیری دەوڵەت وجێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا.


لە کۆبونەوەکەدا کە فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێم و کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر، ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی شەڕی دژ بە تیرۆریستان و ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و پرسی ڕیفراندۆم و پتەو کردنی پەیوەندیەکان و چاکسازیەکانی حکومەتی هەرێم ، کرا.


سەبارەت بە شەڕی دژ بە داعش، بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد  داعش ڕۆژ بە ڕۆژ لە دوا هەناسەکانی نزیکدەبێتەوە و دەبێت لە ئێستادا بیر لە پلان و قۆناغی دوای لەناو بردنی داعش لە ڕووی سەربازیەوە بکرێت، بەتایبەت حکومەتی ناوەند دەبێت سیاسەتی خۆی لەو ناوچانەی داگیر کرابوون بگۆڕێت بە جۆرێت کە هەستی فەرامۆشکردنیان لەناوەندەکانی بڕیار نەهێڵیت و هەموو پێکهاتەکان بەشداری ڕاستەقینە بن لە دەسەڵاتدا.


سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستانیش ئەوەی خستە ڕوو شاراوە نیە کە ناکۆکی سیاسی کاریگەری خراپی دروستکردووە لە هەرێمی کوردستان و دەبێت لایەنە ناکۆکەکان لەوە زیاتر درێژە بە ململانێکانی نێوانیان نەدەن و چارەسەریان بکەن. 

هەروەها جەختی کردەوە کە هەوڵی جددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی گشت ناکۆکیەکان ولەئێستادا ڕوانینەکان بەو ئاڕاستەیەن کە ئەمەش هێوایەکی لای خەڵکی کوردستان دروستکردووە.

سەبارەت بە  مافی چارەی خۆنووسینیش قوباد تاڵەبانی دووپاتی كردەوە گەلی کوردستان وەک گەلانی تری دونیا مافی خۆیەتی چارەنووسی خۆی دیاری بکات و خەباتیشی لەپێناو بەدی هێنانی مافەکانی خۆی کردوە نەک مافی کەس پێشێل بکات.

لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی باسی لە قۆناغەکانی چاکسازی حکومەت کرد و ئاماژەی بەوەدا کە پلانمان وایە لە داهاتوودا تووشی شۆک نەبین لە ئاست شەپۆلی هەر قەیرانێک کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد  لە ئێستادا بناغەیەکی بەڕێوەبردنی ئیداری باشمان داڕشتووە بۆ حکومداریەکی تەندروست و توانا و بەرگەی هەر گۆڕانکاریەک بگرێت کە تووشمان دەبێت و لەهەمان کاتدا خزمەتی باشتر بە هاوڵاتیان بگەیەنێت .

 


دواتر بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم وێڕای ستایشی وڵاتی ئەڵمانیا لە پای هەماهەنگی و هاوکارییان بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە ڕووی سەربازیەوە، داوای لێ کردن بەردەوام بن لە هاوکاریەکانیان  و ئامادەیی نیشاندا کە هەرێمی کوردستان ئەخوازێت لەگەڵ ئەڵمانیا وەک هەمیشە پەیوەندی پتەوی هەبێت و پەرەی زیاتر بەو پەیوەندیانە بدات.

فەلاح مستەفا ئەوەی وەبیر هێنایەوە ئەڵمانیا لە ڕۆژە سەختەکاندا پاڵپشتی گەلی کوردستان بووە و هێزی پێشمەرگە زۆر سوودمەند بووە لە شارەزایانی سەربازی ئەڵمانیا لە شەڕی داعش کە ئەمەش جێگەی بەرزنرخاندنە لە لایەن حکومەت و گەلی کوردستانەوە.


لای خۆیەوە واڵتر لیندنر وەزیری دەوڵەتو جێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەرسامی خۆی نیشاندا لە قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە و هێزە کوردستانیەکانی تر لە ڕووبەڕوو بونەوەی تیرۆریستان ، وتیشی  هەماهەنگی و هاوکاری ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەتایبەت لەڕووی سەربازیەوە ئەرکێکی نێودەوڵەتییە لە پێناو مرۆڤایەتی و بنبڕکردنی توندوتیژیە.


لەبارەی ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستانیش جەختی کردەوە کە هەموو وڵاتانی جیهان بەگرنگیەوە دەڕواننە سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆیە گرنگە گرفتە ناوخۆیەکان لە ڕێی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن وببێتە هۆکاری  درووستکردنی یەکدەنگی نیشتمانی.


لە کۆتایی کۆبونەوەکە سوپاس و ستایشی کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا کرا بەبۆنەی کۆتایی هاتنی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان.



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان