لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ لە 17 تشرینی یەكەمی 2016 تا ئێستا، نزیكەی 28 هەزار قوربانی شەڕ ودەرئەنجامەکانی لە موسڵ وناوچە رزگاركراوەکانی دەوروبەری، بۆ نەخۆشخانەكانی ھەولێر گواستراونەتەوە.
بە گوێرەی راگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بۆ ماڵپەری حكومەتی ھەرێمی کوردستان، لە میانی ئەم ژماریە نزیکەی 14 هەزار برینداری مەدەنی وسەربازی هەن، کە راستەوخۆ لە ئەنجامی پێکدادانی سەربازی بریندار بوونە. نزیکەی هەمان ژمارەش، نەخۆشی مەدەنین کە تووشی نەخۆشی جیاجیا بوونە وبەهۆی نەمانی خزمەتگوزاری پزیشکی لە موسڵ ودەورووبەری، لە هەولێر چارەسەری پزیشکییان وەرگرەتووە.
بە گوێرەی راگەیاندراوەکە، بریندارە مەدەنییەکان زیاتر به‌هۆی "گوله‌هاوه‌ن وته‌قینه‌وه بریندار بوونە، به‌تایبه‌تی له رۆژانی كۆنترۆڵكردنەوەی گه‌ڕه‌كه‌كانی بەری چەپی شاری موسڵ. ھەروەھا كاتی كۆنترۆڵكردنەوەی نه‌خۆشخانه‌ی سه‌لام بریندارێكی یه‌كجار زۆری ھەبووە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر گوتی کە شه‌ڕی موسڵ كاریگەریی راستەوخۆی لە‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر ھەیە؛ "بۆ نمونە، بۆتە هۆی کەمبوونەوەی ده‌رمان و پێداویستیەکانی پزیشكی لە نەخۆشخانەکان. ئەو ده‌رمان و پێداویستیانەی بۆ ماوەی هەشت مانگ دانرابوون بەكار بھێنرێن، لە ماوەی دوو مانگدا ته‌واو بوون".
هەروەها رایگەیاند کە "یارمه‌تیه‌كانی عیراق بۆ دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە ئاستی پێویستدا نیە ویارمەتییەكانیان زۆر سنووردارن. بەڵام له كه‌مپه‌كان تا ئاستێك یارمه‌تیده‌ربوونە وپاڵپشتی تیمه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی مه‌یدانی ته‌ندروستی هه‌ولێریان كردووه".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر هەروەها گوتی، "بۆ چارەسەركردنی ئەم كیشەیە داوامان لە حكومه‌تی عیراق كرد، بەڵام وەك پێویست به ده‌نگه‌وه نه‌هات، بەڵام رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌گه‌ڵ چه‌ند رێكخراوێكی دیكەی ناحكومی بە شێوەیەكی سنووردار یارمەتیدەر بوونە".