حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 26 APR 2024 09:58 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

هەنگاریا خوازیاری تۆكمەكردنی زیاتری پەیوەندییەكانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان

WED, 21 SEP 2016 13:44 | KRG Cabinet

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 21-9-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێز ئاتیلا تار باڵیۆزی نوێی هەنگاریا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز تار خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و هاوكاری و پاڵپشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ كار و ئەركەكانی باڵیۆزی پێشوو و كونسوڵخانەی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند و هیوای بەردەوامیی هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەنگاریای لە سەرجەم بوارەكاندا خواست.

ئامادەیی خۆیشی بۆ بەردەوامیدان بەو پەیوەندییە پتەوەی لە نێوان هەردوولادا هەیە و هاندانی كەرتی تایبەتی هەنگاریا بۆ سەرمایەگوزاریكردن لە هەرێمی كوردستان و زیادكردنی ژمارەی دیپلۆماتكارەكانیان لە هەرێمی كوردستان و هاوكارییە سەربازییەكانیان بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر و دابینكردنی كورسی خوێندن بۆ قوتابیانی هەرێمی كوردستان لە زانكۆكانی هەنگاریا، پیشان دا.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ كار و ئەركەكانی بەڕێز باڵیۆزی نوێی هەنگاریا لە عێراق خواست و هاوكاری و پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ كار و ئەركەكانی كونسوڵخانەكەیان لە هەولێر دەربڕی، هەروەها دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان خوازیارە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ هەنگاریا هەبێت بەتایبەتی كە دوای سەردانی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ هەنگاریا، پەیوەندییەكان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێزیان ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی لە پێشكەشكردنی هاوكاری و ئاسانكاری بۆ وەبەرهێنەرە هەنگارییەكان نیشان دا و دووپاتی كردەوە كە لە ڕووی كەلتووری و زانستیشەوە بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەكی پێویست ئامادەن، هەروەها سوپاسی هەنگاریای كرد بۆ ناردنی تیمێكی پسپۆڕی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان كە مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دەكەن.

تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچەكە بەگشتی و ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ بەتایبەتی و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.