حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 26 APR 2024 22:15 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

كوێت خوازیارە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكات

SUN, 9 OCT 2016 15:25 | KRG Cabinet

نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 9-10-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێز سالم غەسبان باڵیۆزی نوێی دەوڵەتی كوێت لە عێراق و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز غەسبان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە ماوەی دوو هەفتەیە لە بەغدا وەك باڵیۆزی وڵاتەكەی دەستبەكار بووە، پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانیشی لە هەموو بوارەكاندا بەرز نرخاند و دەستخۆشی لە خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگە كرد كە توانیویانە هەرێمی كوردستان لە هەڕەشەی تیرۆر بپارێزن و باوەش بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بكەنەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشكەش بكەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێزیان باسی لە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و كوێت و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكان كرد و جەختی لەوە كردەوە كە دەوڵەتی كوێت خوازیاری ئەوەیە باشترین پەیوەندی لە هەموو بوارەكاندا لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبێت و هیوای خواست دوای ئۆپەراسیۆنەكانی مووسڵ سەقامگیری بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كەرتی تایبەتی كوێت هان بدەن لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان بكەن.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی كوێت لە عێراق خواست لە كارە نوێكەیدا و پاڵپشتی و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ سەرخستنی كارەكانی دووپات كردەوە، هەروەها هیوای بەردەوامی و بەهێزكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كوێتی خواست كە ئەو پەیوەندیانە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگن بەتایبەتی دوای سەردانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كوێت و دیدار و كۆبوونەوە ئەرێنییەكانی لەگەڵ ئەمیر و بەرپرسانی باڵای كوێتی.

لە ڕووی ئابووریشەوە، بەڕێزیان ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ هەر ئاسانكاری و پاڵپشتییەك بۆ سەرمایەدارانی كوێت لە هەرێمی كوردستان نیشان دا بۆ ئەوەی بتوانن سەرمایەكانیان لە هەرێمی كوردستان بخەنە گەڕ و پڕۆژەی وەبەرهێنان لە دەڤەرە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەن.

تاوتوێكردنی دوا پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر و چەند بابەتێكی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.