بەمەبەستی پیرۆزبایی کردن لە یادی 39 ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، ئەمڕۆ 2018/2/11 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، بەیاوەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان، سەردانی كونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کرد و لەلایەن مورتەزا عەبادی كونسڵی ئێران لە هەولێر، پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانی بە وەرچەرخانێکی گرنگ وەسف کرد بۆ ناوچەکە.
هەروەها باسی لە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرد و ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت زیاتر پەرە بەو پەیوەندیانە بدرێت وئاماژەی بۆ ئەوەش كرد گەلی ئێران جگە لەوەی لەڕووی جوگرافیاوە دراوسێیەکی باش بووە، هەموو کات دۆستی گەلی کورد بووە و بەتایبەت لە ڕۆژە سەختەکانی میللەتەکەمان.
لای خۆیەوە كونسوڵی ئێران، سوپاسی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە گەل و حکومەتی ئێران، هەرێمی کوردستان بە دۆستێکی دێرینی خۆی دەزانێت و هەموو کات ئامادەیە هاوکار و هاماهەنگ بێت لەگەڵیان.