حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 25 APR 2019 21:11 Erbil, GMT +3

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی په‌یمانگه‌ی ئه‌مه‌ریكی بۆ ئاشتی ده‌كات

SUN, 31 MAR 2019 18:25 | KRG Cabinet

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 31/3/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ خاتوو نانسی لینبۆرگ سه‌رۆكی په‌یمانگای ئه‌مه‌ریكی بۆ ئاشتی و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و سوپاسی هاوكاریه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمیان كرد بۆ كار و چالاكییه‌كانی نووسینگه‌كانیان و پێشوازیكردن له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی شه‌ڕی داعش، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم هاوكار ده‌بن بۆ دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌و ناوچانه‌ی ئاواره‌كان لێی هاتوون و نیگه‌رانییان بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌هۆی نه‌بوونی ئاسایش و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانیان ده‌ربڕی و له‌مباریه‌وه‌‌ دیالۆگێكی جددییان له‌نێوان ده‌زگاكانی حكوومه‌ت و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا به ‌پێویست زانی‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی كرد و دڵنیای كردنه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌موو هه‌وڵێك بۆ دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ و دیالۆگ له‌نێوان پێكهاته‌ جیاجیاكان به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌یان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ده‌دات.


به‌ڕێزیان پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌نێوان حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا پێشكه‌ش كرد كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر كراون و له‌ داهاتووشدا له‌سه‌ر كێشه‌كانی دیكه‌ گفتوگۆ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵێكی جددی له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا هه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ و دوا پێشهاته‌ سیاسییه‌كان و دۆخی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان