حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 27 APR 2024 16:39 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

پەیامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە هەرێمی كوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئافرەتان

MON, 7 MAR 2016 19:00 | KRG Cabinet


(بە خۆڕاگری و هاوبەشی ژنان قەیران و تیرۆر دەبەزێنین و بەرەو یەكسانی هەردوو ڕەگەز هەنگاومان بەردەوام دەبێت)

لە هەشتی ئاداردا، رۆژی جیهانی ئافرەتان سڵاو و پێزانین ئاراستەی دایك و خوشك و هاوسەر و كچانی سەربەرزی شەهیدان دەكەین.

سڵاو و حورمەت ئاراستەی پێشمەرگە ئافرەتەكان و خانەوادە خۆڕاگرەكانی پێشمەرگە قارەمانەكان و پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دەكەین دەستی ماندووبوونی ئافرەتە كارمەندەكانی پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ دەگوشین.

هاوكاری و پاڵپشتی بۆ ژنان و كچانی سەربەرزی ئێزیدی و كریستیان و توركمان و شەبەك و كاكەیی و گشت پێكهاتەكان و سەرجەم ئەو خانمانەی بوونە قوربانی تاوان و دەستدرێژییە دڕندانەكانی داعش و تیرۆر و توندڕەوی دووپات دەكەینەوە.

بەدەنگی بەرز بەهەموو جیهانی رادەگەیەنین ئێوە هێمای كەڕامەت و بەرخودان و خۆڕاگرین.

بە كچان و ژنانی ئاوارەو پەنابەر لە كوردستان دەڵێین ئێوە بەتەنها نین، نان و ئارامیتان لەگەڵدا بەش دەكەین.

سڵاو لەسەرجەم ژنان و كچانی  خۆڕاگری كوردستان بە كارمەند و مامۆستا و گشت ئەوانەی لە دەرەوەی ماڵ كاردەكەن و گشت كابانەكانی ماڵ، كە هەمیشە هاوبەش بوون لەگەڵ پیاوان لە خەبات و تێكۆشان، چەندجارە بەشیش بوون لە قوربانی و نەهامەتییەكاندا.

جارێكی دی لە سەروبەندی یۆبیلی زیوینی راپەڕینی گەلەكەماندا دەیڵێینەوە كە لێهاتوویی و كارامەیی و خۆڕاگری ئافرەتانی كوردستان بە درێژایی مێژوو فاكتەری كاریگەر بوون لە بەرەوپێشچوونی رەوتی گەلەكەماندا.

سڵاو لە ئافرەتانی عێراق و هەموو جیهان سڵاو لە مرۆڤدۆستان و خەباتكاران لە پێناوی بەدەستهێنانی یەكسانی ژن و پیاو و دادپەروەریی كۆمەڵایەتیدا.

ئەمساڵ لە كاتێكدا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵی پلان داڕشتنە بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانی پەرەسەندن 2015 -2030 ئێمەش لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای گشت سەختی و ئاستەنگ و قەیرانەكان بەشدارین لەو پرۆسەیەدا.

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بە شەراكەت لەگەڵ هاوبەشەكانی لە دامەزراوەكانی دیكەی حكومەت و پەرلەمان و گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان، سەرقاڵی داڕشتنی پلان و پرۆژەی گونجاوە بۆ جێبەجێكردنی بەتایبەتی ئامانجی پێنجەمی كە بریتییە لە "وەدیهێنانی یەكسانی نێوان هەردوو رەگەز و تواناسازی كچان و ئافرەتان".

دووبارە سڵاو لە گشت ئافرەتانی خۆڕاگری كوردستان و گشت جیهان .. پێكەوە ژن و پیاو پەیمان نوێ دەكەینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و قەیرانەكان و هەنگاوی ئازایانە دەنێین بۆ وەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی و هێنانەدی یەكسانی لە نێوان هەردوو رەگەزدا.     


  ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان