حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 29 APR 2024 12:12 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

روونکردنەوەیەک سەبارەت بە کێشەى بودجەى نوێنەرایەتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە

TUE, 9 AUG 2016 21:29 | KRG Cabinet

هەموولایەک ئاگادارى قەیرانى دارایی و هۆکارەکانى قەیرانەکەو کاریگەرییەکانى ئەو قەیرانەن لەسەر تەواوى دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەرەکانى جەنگ دژى داعش و موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان. فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەو نوێنەرایەتییەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە وەک هەر دامەزراوەیەکى دیکەى حکومەت لە کاریگەرییەکانى ئەو قەیرانە بەدەرنین.

حکومەتى هەرێمى کوردستان بە مەبەستى فراوانترکردن و پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە بایەخەوە لە کارو پێگەى نوێنەرایەتییەکان دەڕوانێت. هەربۆیە ماوەیەکە لەگەڵ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایی لە هەوڵى جیدی داین بۆ دۆزینەوەى رێگە چارەیەک بۆ کێشەى دواکەوتنى بودجەى نوێنەرایەتییەکان.

لەکاتى ئێستادا دەبێ خۆمان لەگەڵ بارودۆخى دارایی حکومەت بگونجێنین، بۆ ئەمەش پێداچوونەوە بە پێکهاتەو شێوازى کارى نوێنەرایەتییەکان لە وڵاتان دەکەین، لەسەر بنەماى هاوکارى و پشتیوانى وڵاتان بۆ هەرێمى کوردستان لە رووى سیاسى و بەشدارى لە جەنگى دژى داعش و پێشکەشکردنى هاوکارى مرۆیی بە ئاوارەو پەناهەندەکان و بەدەنگەوە هاتن بۆ هاوکارى هەرێمى کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەى قەیرانەکان. هاوکات جەخت دەکەینەوە کە ئێستا حکومەتى هەرێم لەبەرنامەیدا نییە هیچ نوێنەرایەتیەک دابخات، بەڵام ئەگەر پێویست بکات لەوانەیە گۆڕانکارى لە پێکهاتەى نوێنەرایەتی و ژمارەی کارمەندان و شوێنى باڵەخانەى نوێنەرایەتى بکرێت، بەڵام نوێنەرە بەرێزەکان هەر دەمێننەوە لە پۆستەکانیان بۆ بەڕێوەبردنى کارو چالاکییەکان لە دەرەوە تا ئه‌وكاته‌ی كه‌ بارودۆخى دارایی حکومەت لە داهاتوو باشتر ده‌بێت.

هاوکات رایدەگەیەنین کە حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەهێزترکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، خواستى کردنەوەى نوێنەرایەتى دیکەشى لە دەرەوە هەیە، ئەمەش جگە لە خواست  و داواکارى ئەو وڵاتانەى کە ئارەزوو دەکەن حکومەتى هەرێم نوێنەرایەتى لە وڵاتەکانیان بکاتەوە. بەڵام ئەم هەنگاوە لەکاتى باشتربوونى بارودۆخى دارایی هەرێم و بەپێى قۆناغەکە بڕیارى لەسەر دەدرێت.

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

09/08/2016



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان