حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 29 APR 2024 11:30 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

ئەنجامی كاری لیژنەی گەڕان بەدوای ڕاستیەكان راگەیەندرا

WED, 17 AUG 2016 16:24 | KRG Cabinet


دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی گەڕان بەدوای ڕاستیەكان رایگەیاند، دوای بڵاوكردنەوەی چەند راپۆرتێك لەبارەی پێشێلكردنی مافی مرۆڤی لە ناوچە  تازە ئازادكراوەكان لەلایەن رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و  ژمارەیەك رێكخراوی نێودەوڵەتی ، لیژنەیەك بە فەرمانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دامەزرا و دەست بەكار بوو بە وردی بەدواداچوونی بۆ رەوشی دانیشتوانی ناوچە تازە ئازادكراوەكان كرد و راستی و دروستی رەوشی ئێستای ئەم ناوچانەی بۆ ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكە  خستەڕوو.

ئەم لیژنەیە لە نوێنەرانی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایشی گشتی بەپێی فەرمانی ژمارە (30)ی رۆژی4ی نیسانی 2016 ی سەرۆكی حكومەت بۆ دەرخستنی راستیەكانی ئەو تۆمەتانەی كە لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە دەخرێنە پاڵ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەسەر رەوشی ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل لە ناوچە تازە ئازادكراوەكان پێكهات، بەمەبەستی دۆزینەوەی راستییەكان بوو سەبارەت بەو ناوچانەی لە دەستی داعش رزگاركراون. دوای سێ مانگی كاركردنیش، لیژنەكە سەردانی میحوەرەكانی دیالا، موسڵ، كەركوك، مەخمور و گوێڕ كرد و چاوی بە بەرپرسە ئیداری، سەربازی، حكومی و سەرۆكی هۆزە عەرەبەكانی ناوچەكە  و هاووڵاتیان كەوت بۆ  ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی ئەم ناوچانە و دانیشتووانی لە پێكهاتە جیاوازەكان بێت. كارەكانی ئەم لیژنەیە چوار تەوەری سەرەكی لەخۆگرتبوو ئەوانیش: خاپووركردنی خانووی هاووڵاتیان، دەستگیركردنی هەڕەمەكی، ئازادی هاتووچۆی هاووڵاتیانی سڤیل و راگواستنی زۆرەملێ و گەڕانەوەی هاووڵاتیان.

زێباری لە كۆنگرەیەكی رۆژمانەوانیدا كە لە رۆژی 17ی ئاب/ئەگستۆسی 2016 ئەنجامیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد بەپێی زانیاری بەرپرسە سەربازی و ئەمنییەكان كە لە بەداواچوونەكانی ئەم لیژنەیە لە میحوەری دیالا بەدەست كەوتوون، ئەو خانووانەی لەم ناوچەیە تێكدراون بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبووە بەڵكو لە ئەنجامی شەڕ و بۆردوومانی بەردەوام و خۆحەشاردانی تیرۆریستانی داعش و بۆمبڕێژكردنی خانووەكان لەلایەن داعشەوە تێكدراون، لەوانەش گوندی (وەحدە) كە لە راپۆرتەكان زۆر باسی لەسەركراوە، هەروەها خەڵكی ناوچەكەش جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە خاپور كراون و پاش ئازادكردنی ناوچەكان بەتایەبتی جەلەولا ژمارەیەكی زۆر خەڵك گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان ئەوانەش لە هەرێمی كوردستان ماونەتەوە بە باشی هاوكاری كراون و حكومه‌تی ھه‌رێم زیاتر له‌ توانای خۆی باوه‌شی بۆ ئاوارەكانی ناوچه‌كه‌ كردۆته‌وه‌ و كه‌مته‌رخه‌می نه‌كردووه‌، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێشمه‌رگه‌ ھاوكاری سه‌ره‌كیان بووه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا بەغدا وەكو پێویست نەبووه‌.

زێباری ئاشكرای كرد لەماوەی نێوان 6/9/2015 تاوەكو 2016/5/12 نزیكەی (128) خێزان كە لە موسڵ و سوریاوە هاتوون لە رێگای هێزە ئەمنییەكانەوە لە ناوچەی دەوروبەری زوممار نیشتەجێ كراون و بەشێكیشیان چوونەتە پارێزگاكانی دهۆك، هەولێر و سلێمانی و لەوێ نیشتەجێ بوون،  و بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەكە و رێگا گرتن لە دزە كردنی تیرۆریستان، دەزگا ئەمنییەكان چەند رێوشوێنێكی تایبەتیان بەرامبەر بە  گشت پێكهاتەكانی ناوچەكە گرتووەتەبەر بەر .

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد لە میحوەری مەخمور - گوێڕ ئەو وێرانكاریانەی  لە ناوچەكەدا روویداوە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ژمارەیەكی زۆر بۆمبی چێندراو كە بەشی زۆریان لەكاتی هەوڵدان بۆ خاوێنكردنەوەی بە هێزە ئەندازیاریەكانی پێشمەرگەدا تەقیونەتەوە. بەشێكی دیكە لە هۆكارەكان بوردومان كردنی ئەم ناوچانەیە لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانان و چەكدارانی داعشەوە و زۆربەی ئەو گوندانەی تێكدراون گوندی كوردنشین بوونە، هەروەها نزیكەی 50 كەس لە خەڵكی گوێڕ پەیوەندیان بە داعشەوە كردووە و هەر خۆیان بەشێك لە خانووەكانیان تەقاندووەتەوە و مەبەستیان لەم كارە زڕاندنی ناوی هێزەكانی پێشمەرگە بووە.  لەلایەكی دیكەوە بەشێك لە عەرەبەكانی مەخمور لە هەولێر نیشتەجێن و فەرمانبەرن و خۆیان نایانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.

زێباری لەبارەی كەركووكەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لیژنەیەكی ئەمنی پێكهێنراوە لە (پارێزگار كە سەرۆكی لیژنەی ئەمنییە، جێگری پارێزگار (عەرەبی سوننەیە)، بەڕێوەبەری پۆلیس (كوردە)، ئاسایش، بەڕێوەبەری هەواڵگری (توركمانی شیعەیە)، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشار (توركمانە)، بەڕێوەبەری موخابەرات (عەرەبی سوننەیە) و نوێنەری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك پێكهاتووە و ئەركی ئەم لیژنەیە پاراستنی ئەمنییەتی پارێزگاری كەركوكە. هەموو بڕیارەكان بە هاوبەشی لە نێوان ئەندامانی ئەم لیژنەیە دەردەچێت، بۆیە هەماهەنگییەكی باش لەنێوان دەزگا ئەمنییەكانی ناوچەكە هەیە ئاشكراشی كرد تەنها لە ساڵی 2006 نزیكەی 7000 خانەوادەی عەرەب هاتوونە كەركوك و ماونەتەوە كە زۆربەیان خەڵكی ناوچەی سەڵاحەددینن و ناگەڕێنەوە، لە ماوەی دوو ساڵیشدا حكومەتی عێراق تەنیا 6 ملیۆن دۆلاری ناردووە بۆ كەركوك سەرەڕای ئەمەش ئێستا لە كەركوك زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارە هەیە و ئەم پرۆسەیەش بەردەوامە لایەنە پەیوەندیدارەكان پێشوازییان لێدەكەن و هاوكارییان دەكەن.