حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 27 APR 2024 23:08 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

هەرێمی كوردستان جوڵەی ئابوورى و بازرگانی بەخۆیەوە ده‌بینێت

SAT, 15 OCT 2016 16:53 | KRG Cabinet


لە ماوەی یەك مانگدا، شاری هەولێر كردنەوەی دوو پیشانگای لەسەر ئاستی كوردستان و ناوچەكەی بەخۆیەوە بینی كە جوڵەیەكی بازرگانی و ئابوری لەنێو هەرێمی كوردستان دا هێنایە كایەوە، لەو میانەش دا ، كۆنفڕانسێكی گرنگی ئابووری بۆ پێداچوونەوە بە بارودۆخی ئابوری هەرێم و دووبارە رێكخستنەوەی میكانیزمی ئیدارەدانی كەرتی تایبەت، چاوەڕوانیش دەكرێ لە 20ی ئەم مانگەدا ، سێیەمین پیشانگای كۆماری میسڕی عەرەبی بە چاودێری سەرۆك وەزیرانی میسڕ و ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و میسڕ ئامادە بن .

لەم بارەیەوە، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەشداریكردنی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە چەندین وڵاتەوە لە پیشانگایەكدا كە لە هەرێمی كوردستان بكرێت، بەڵگەیەكە بۆ متمانەی ئەم وڵاتانە بە بارودۆخی ئەمنی هەرێم و بەردەوام بوونی جووڵەی ئابووری و بازرگانی لەم وڵاتەدا، دووپاتیشیكردەوە هەبوونی پیشانگا بە شێوەیەكی بەردەوام، دەرفەت دەداتە كۆمپانیاكان بۆ نمایشكردنی باشترین ئۆفەری كاڵا و بەرهەمەكانیان و بەم شێوەیەش خودی هەرێمی كوردستان سوودمەندی یەكەمی ئەم پێشبڕكێیە دەبێت.

بەڵام وا دیارە ئەو قەیرانەی هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕی، رێگەی بۆ چەندین بیرۆكە و پێشنیاری تازە كردەوە بۆ سوود لێ وەرگرتن بۆ بونیادنانەوەی بناغەیەكی پتەوی ئابوری لە هەرێمی كوردستان بە كاراكردنەوەی كەرتی تایبەت و پشت بەستن بە چەندین سەرچاوە بۆ داهات، نەك تەنها نەوت .

دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كاراكردنەوەی كەرتی تایبەت، پێویستی بە هاوكاری حكومەتی هەرێم هەیە لە هەموار كردنی یاساو رێساكان و بە وەرگرتنی بۆچوونی كەرتی تایبەت لەبارەی چارەسەری كێشەكان، ئەوەشی خستەڕوو كە گرنگترین بابەت كە دەبێ هەردوو لایەنی حكومەت و كەرتی تایبەت بۆ سەرخستنی ئابوری وڵات بیخەنە بەرچاویان ئەوەیە كە بە تەتها پشت بە نەوت نەبەسترێت وبیر لە جێگرەوەی بكرێتەوە بەو پێیەی بازاڕی نەوت جێگیر نیە.

لەلایەكی دیكەشەوە، ئامادەكاریەكان بۆ كردنەوەی سێیەمین پیشانگای تایبەتی میسڕی لە هەولێر ڕووی لە كۆتایی كردووە و چاوەڕوانیش دەكرێت لە 20ی تشرینی یەكەم / ئۆكتۆبەری ئەم ساڵ لەسەر خاكی پیشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بكرێتەوە، لەم بارەیەوەش عاسم ئەلشێخ سەرپەرشتیاری گشتی پیشانگای دەرەكی دەزگای (اخبار الیوم) ی میسڕی كە خاوەن و سەرپەرشتیاری ئەم پیشانگایەیە، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتیكردەوە، تا ئێستا زیاتر لە 70 كۆمپانیا ناویان بۆ بەشداریكردن لەم پیشانگایەدا تۆمار كردووە و چاوەڕوان دەكرێت وەزیری پیشەسازی و بازرگانی میسڕ بە نوێنەرایەتی سەرۆك وەزیرانی ئەم وڵاتە و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی میسڕ بەشداری تیادا بكەن.

راشیگەیاند، ئەم پیشانگایە چەندین كەرت بەخۆوە دەگرێت لەوانەش، كەرتی بیناسازی و نیشتەجێكردن و فڕۆكەوانی ئەمە جگە لە كەرتی كشتوكاڵ و خواردەمەنی و نمایشی كولتووری ئەم وڵاتە لە بەرهەمە دەستكردەكانی ئەم وڵاتە ، و ئەم پیشانگایەش بۆ ماوەی 10 رۆژ دەخایەنێت و لە هەر دە رۆژدا چەندین نمایشی هونەری لەلایەن چەندین تیپی هونەری میسڕی بەڕێوە دەچێت.

 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان