حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 27 APR 2024 23:22 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ خانمى پێشمه‌رگه‌ كۆچه‌ر ساڵح حاجى ده‌كات

TUE, 19 SEP 2017 18:28 | KRG Cabinet

به‌بۆنه‌ى خه‌ڵاتكردنى پێشمه‌رگه‌ى زێره‌ڤانى خاتوو كۆچه‌ر ساڵح حاجییه‌وه‌ كه‌ وه‌ك قاره‌مانێكى هه‌ڵمه‌تى جیهانیى دژ به‌ هزرى تونڕه‌وى و نالێبورده‌یى له‌لایه‌ن یوونسكۆ و هاوپه‌یمانیى جیهانیى هیواوه‌وه له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا له‌ نیوویۆرك خه‌ڵات كرا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك ‌وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، په‌یامێكى پیرۆزبایى ئاراسته‌ كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

بۆ خانمى پێشمه‌رگه‌ كۆچه‌ر ساڵح حاجى،

سڵاو و ڕێز..

ڕێزلێنان و خه‌ڵاتكردنتان وه‌ك قاره‌مانێكى هه‌ڵمه‌تى جیهانیى دژ به‌ هزرى تونڕه‌وى و نالێبورده‌یى له‌لایه‌ن یوونسكۆ و هاوپه‌یمانیى جیهانیى هیواوه‌وه‌، مایه‌ى خۆشحاڵى و شانازییه‌. به‌ گه‌رمى پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م، له‌ ڕێگه‌ى ئێوه‌شه‌وه‌ پیرۆزبایى له‌ هاوسه‌نگه‌رانتان له‌ كچانى دیكه‌ى پێشمه‌رگه‌ و هه‌موو ئه‌و دایك و خوشكانه‌ى كوردستان ده‌كه‌م كه‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشانى گه‌لى كوردستاندا ڕه‌نجیان كێشاوه‌ و قوربانییان داوه‌.

ئێوه‌ به‌ خه‌بات و تێكۆشانتان وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كى قاره‌مان كه‌ به‌شداریتان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا كردووه‌ و به‌رگریتان له خاك و گه‌ل و كولتوورى خه‌ڵكى كوردستان له‌ پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى كردووه‌، بوونه‌ته‌ نموونه‌یه‌كى شانازى بۆ ئافره‌تانى كوردستان و هه‌موو ئه‌و دایك و خوشكانه‌مان كه‌ باوك و برا و كوڕ و مێرده‌كانیان له‌پێناو ئازادیى كوردستان و به‌ها مرۆییه‌كاندا بوونه‌ قوربانى.

ئه‌و خه‌ڵاته‌ى له‌ پێگه‌یه‌كى جیهانیدا و به‌ ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌كى دیارى كه‌سایه‌تیى جیهانى، به‌ خۆتان و خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تیتان به‌خشرا، خه‌ڵات و ڕێزگرتن و پێزانینێكه‌ بۆ ئازایه‌تیى هه‌موو ئه‌و دایك و خوشكه‌ ئازیزانه‌ى كورستان كه‌ له‌ هه‌ر بوارێكدا بۆ ئازادى و به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانیان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتیژى و تیرۆر و بۆ به‌ها مرۆییه‌كان تێده‌كۆشن و هه‌موومان شانازى پێوه‌ ده‌كه‌ین.

دووباره‌ پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م و هیواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
19/9/2017