حکومەتی هەرێمی كوردستان
SAT, 27 APR 2024 01:24 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

MON, 19 SEP 2016 20:13 | KRG Cabinet

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 19-9-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز دۆگلاس سەلەمان باڵیۆزی نوێی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، بەڕێز سەلەمان خۆشحاڵی بە یەكەم سەردانی فەرمیی خۆی وەك باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی، دواتر باسی لە پەیوەندییە توندوتۆڵەكانی نێوان هەرێمی كوردستان ئەمەریكا كرد و هیوای خواست حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەرك و كارەكانی پاڵپشت و هاوكار بێت.

جەختیشی لەسەر هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیمانان كردەوە بۆ داڕشتنی پلانی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ و لەمبارەیەشەوە هەردوولا هاودەنگ بوون كە پێویستە پلانی قۆناغی دوای ئازادكرنەوەی شارەكەش دابڕێژرێت بەتایبەتی لەڕووی سیاسی و ئەمنییەوە. هیواشی خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتری مرۆیی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكات  بۆ باشتر بەهاناوەهاتنی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ بەڕێز باڵیۆزی نوێی ئەمەریكا لە عێراق خواست و پاڵپشتی و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ كار و ئەركەكانی دەربڕی، هەروەها پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و تۆكمەكردنی زیاتری ئەو پەیوەندیانەی دووپات كردەوە و لەمبارەیەشەوە ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ هەر هاوكارییەك نیشان دا.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا كە پێویستە ئەو گفتوگۆیەی ئێستا لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عێراق و هاوپەیماناندا لەسەر پلانی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ و قۆناغی دوای ئازادكرنەوەی شاركە هەیە، زیاتر پەرەری پێ بدرێت.