ئێواره‌ی ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه 1-2-2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له خاتوو ڕۆبێرتا پینۆتی وه‌زیری به‌رگریی ئیتاڵیا و شاندێكی سه‌ربازی و دیپلۆماسیی یاوه‌ری كرد كه له سوپاسالار و باڵیۆزی ئیتاڵیا له عێراق و كونسوڵی ئیتاڵیا له هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له پله‌دارانی سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا كه به‌رێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، خاتوو پینۆتی خۆشحاڵی به سێیه‌م سه‌ردانی خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و سوپاسی خه‌ڵك و حكوومه‌ت و پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و به‌رگرییه‌ی كه له دژی تیرۆر كردوویانه و بۆته جێگای ڕێز و پێزانینی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، پشتگیریی وڵاته‌كه‌یشی بۆ پێشمه‌رگه له ڕووی مه‌شق و ڕاهێنان و هاوكاریی سه‌ربازی و چاره‌سه‌ركردنی پێشمه‌رگه برینداره‌كانه‌وه، نیشان دا.
به‌ڕێزیان ئاستی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیتاڵیای به‌رز نرخاند و باشتركردنی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانیشی دووپات كرده‌وه. خستنه‌ڕووی سه‌ردانه مه‌یدانییه‌كانی بۆ بنكه‌كانی مه‌شق و ڕاهێنان و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان پسپۆڕانی سه‌ربازیی ئیتاڵی و پێشمه‌رگه و هاوكاریی وڵاته‌كه‌یان له پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌نداوی مووسڵدا و دوورخستنه‌وه‌ی به‌نداوه‌كه له هه‌ر مه‌ترسییه‌ك، به‌شێكی دیكه‌ی ئاخاوتنی به‌ڕێزیان بوو.
لای خۆیه‌وه به‌رێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه و حكوومه‌تی ئیتاڵیای كرد بۆ ئه‌و هاوكارییه مرۆیی و سه‌ربازییه‌ی له سه‌ره‌تای هێرش و مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر، پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستانی كردووه و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیتاڵیاشی به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها هیوای خواست دوای ڕزگاركردنی ناوچه‌كه له تیرۆر، ئه‌و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه به‌رده‌وام بێت.
به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و بنه‌بڕكردنی تیرۆر ئێستا هه‌ماهه‌نگییه‌كی زۆر باش له نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراقی فیدرالدا هه‌یه، به‌ڵام له بواری سیاسی و بواره‌كانی دیكه‌دا تا ئێستا به‌ره‌وپێشچوون وا نه‌بووه و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ ده‌ربڕی. له‌مباره‌یه‌وه شاندی میوان دڵخۆشیی خۆیان به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه سه‌ربازییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ربڕی و هیوایان خواست له بواره‌كانی دیكه‌شدا هه‌ماهه‌نگیی هه‌بێت و كێشه‌كان به ڕێگه‌ی دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێن.
تاوتوێكردنی بارودۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی و دوا پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژی تیرۆر و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.