حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 26 APR 2024 19:59 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

نێچیرڤان بارزانی و وه‌زیری پیشه‌سازیی عێراق، جه‌خت له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر - به‌غدا ده‌كه‌نه‌وه‌

WED, 2 MAY 2018 12:17 | KRG Cabinet


سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2/5/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز محه‌مه‌د شه‌یاح ئه‌لسوودانی وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز ئه‌لسوودانی خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و به‌شداریكردنی له‌ كۆنفرانسی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كه‌ له‌ شاری هه‌ولێر‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ده‌ربڕی.

به‌ڕێزیان هه‌نگاوه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ و به‌ره‌وپێشه‌وه‌‌چوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای به‌رز نرخاند كه‌ بۆته‌ هۆكاری چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌ كێشه‌كان، به‌رده‌وامیی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدایشی بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ ماون،  به‌ پێویست زانی.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و به‌شداریی به‌ڕێزیان له‌و كۆنفرانسه‌دا كرد كه‌ بۆ به‌رژوه‌ندی و بووژانه‌وه‌ی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، گرنگیی خۆی هه‌یه‌، سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌شی كرد كه‌ هاوكار بوون بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌ كێشه‌كان و هیوای خواست گفتوگۆی هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان، فراوانتر بكرێن.

به‌ڕێزیان هیوای ئه‌وه‌شی خواست په‌یوه‌ندی و هاوكاری و هاریكارییه‌كانی نێوان داموده‌زگاكانی هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدرال فراوانتر بكرێت.



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان