حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 29 APR 2024 02:43 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی نوێكردنەوەی گرێبەستە گشتیەكان دەكات بۆ پەرەپێدانی ئابوری بەردەوام

TUE, 9 AUG 2016 23:48 | KRG Cabinet

 

وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە رێگەی بەرنامەیەكی گشتگیر و فرە لایەنی چاكسازیەوە كە لەلایەن بانكی نێودەوڵەتیەوە پشتگیری لێ دەكرێت، دەستی كرد بە نوێكردنەوەی سیستەمی گرێبەستی گشتی.

جێبەجێكردنی ئەم پلانە لە میانەی ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بانكی نێودەوڵەتی و شارەزایانی بواری ئابوری لە رۆژی 9ـی ئاب / ئەغستۆسی 2016 لە هوتێلی رۆتانا لە هەولێر راگەیەندرا.

لە میانەی ئەو رێوڕەسمەدا، عەلی سندی وەزیری پلاندانان لە وتەیەكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد ئەم بەرنامەیە دوای چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ بازرگان و لایەنی بەرپرس و كەرتی تایبەتەوە ئەنجامدرا و رونیكردەوە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992 تا 2011 مەرجی گشتی بەڵێندەرایەتی پەیڕەو دەكرد بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی كەرتی گشتی، لە ساڵی 2011 وەزارەتی پلاندانان رێنمایی ژمارە یەكی سیستەمی گرێبەستی گشتی دەركرد كە تا رادەیەك سەركەوتنی بەدەست هێنا و لە ساڵی 2014 دا بە فەرمانی سەرۆكی حكومەت دەستكرا بە ئامادەكردنی رێنمایی ژمارە 2 كە ئێستا رادەگەیەندرێت.ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد ئەم رێنماییە لە 61 مادە پێكهاتووە و بە شێوەیەكی فەرمی لە شوباتی 2016 دە رچوو دوای دوو ساڵ كاركردن لەسەری بە رێكخستنی چەندین خول و ورۆك شۆپ و راهێنان.

بە پێی بڕگەكانی ئەم رێنماییەش دەردەكەوێت كە لە 7 بەڵگەنامەی ستانداردی گشتی گرێبەستی تایبەت و 7 یاداشتی رونكردنەوە بۆ رێنماییەكان و رێبەری رێنمایی پێكهاتووە ، و بە پشت بەستن بە لێكۆڵینەوەكانی بانكی نێودەوڵەتی ئامادە كراوە كە تیایدا دووپات لەسەر گرنگی رۆڵی گرێبەستی گشتی كراوە، هاندەری سەرەكی سەرخستنی ئەم كارەش پرۆژەی چاكسازی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو كە لە مانگی ئایار/مایسی ئەم ساڵ راگەیەندرا. تەوەری سەرەكی رێنمایی نوێی ئەم گرێبەستە دەستنیشانكردنی مەترسی و پێداویستیە لە نێوان هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت هەروەها دەزگا دامەزراوەییەكانی پەیوەست بە جێبەجێكردنی گرێبەستەكانیش دیاری دەكات.

هەر لەم ڕێوڕەسمەدا چەندین وتار لەلایەن بریكاری وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەری هەرێمی بانكی نێودەوڵەتی و سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان و بەڕێوەبەری گرێبەستە گشتیەكانی وەزارەت پێشكەش كران و خاتوو نازەنین عەلی پسپۆڕی پێشكەوتوو لە بواری گرێبەستی گشتی لە بانكی نێودەوڵەتی وتارێكی لەبارەی نوێكردنەوەی سیستەمی گرێبەستە گشتیەكان لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد .

شیاوی باسە بە پێی پلانی ئەم رێنماییە، یەكێك لە گرنگترین قۆناغەكانی، بە ئەلیكترۆنیكردنی پرۆسەكەیە بەمەبەستی هەبوونی ئاسانكاری زیاتر لەبارەی ئەنجامدانی گرێبەستەكان و بڕیاریش وایە لە ساڵی 2018 تەواو ببێت و سەرجەمی پرۆژەكەش لە ساڵی 2020 تەواو دەبێت و ئەو كاتەش هەموو كارەكانی سەر بەم پرۆسەیە بە سیستەمی ئەلیكترۆنی ئەنجام دەدرێت.