بە گوێرەی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال ناكۆكی سیاسی، نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری، نه‌بوونی دڵنیایی له ئاینده و كاوڵبوونی ناوچه داگیركراوه‌کان هۆكاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی شنگال و ده‌وروبه‌رین.
وه‌یس نایف له لێداونێكی تایبه‌ت بۆ ماڵپه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند دانیشتوانی ناوچه‌كه، به‌هۆی مه‌ترسی له ده‌رئه‌نجامی ناكۆكی سیاسی له نێوان لایه‌نه سیاسه‌كان له قه‌زای شنگال، نایانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه. ئەمەش به گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ستی به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان دادەنێت.
هه‌رچه‌نده نزیكه‌ی ته‌واوی ناوچه‌كانیان له تیرۆریستانی داعش پاك كراوه‌ته‌وه و 70 كیلۆمه‌تر له ناوچه‌كانیان دوور خراون، به‌ڵام به‌هۆی ترس له ناكۆكی سیاسی، ته‌نیا ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م لە دانیشتوان گه‌ڕاونه‌تەوه.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شنگال داوای چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ناكۆكییانه ده‌كات و كۆبانی به نموونه ده‌هێنێته‌وه و ده‌ڵێت چۆن "هێزه‌كانی پێشمه‌رگه پاش ته‌واوكردنی ئه‌ركه نیشتمانییه‌كه‌یان به سه‌ربه‌رزی بۆ هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕانه‌وه، پێویسته لایه‌نە سیاسییه‌كانی دیكه‌ش كه له كاتی خۆیدا قوربانیان دا، به‌و شێوه‌یه پاش رزگاركردنی شنگال بۆ شوێنه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه. ئێمه‌ش سه‌ری رێز و نه‌وازش له به‌رامبه‌ر شه‌هیده‌كانیان داده‌نوێنین."
وه‌یس نایف هۆكاری تری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڵاتیانی ئێزدی بۆ ناوچه‌كانیان، بۆ نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری سه‌ره‌كی ژیان گه‌ڕاندنه‌وه، كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان خانووه‌كانیان رووخاوه و پێویسته یارمه‌تییان بدرێت و هه‌ڵمه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان به پێویست ده‌زانێت. بۆ ئه‌م بواره‌ش ره‌خنه له حكومه‌تی فیدراڵی عیراق ده‌گرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه پارێزگای نه‌ینه‌وا سه‌ر به به‌غدایه، به‌ڵام وه‌ك پێویست یارمه‌تی قه‌زای شنگال و خه‌ڵكه ئاواره‌كه‌ی نه‌داوه.
هه‌روه‌ها به نوێنه‌رایه‌تی سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ی قه‌زای شنگال گله‌یی له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات كه وه‌ك پێویست یارمه‌تی خه‌ڵك ناده‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان كه پێی وایه ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان پێویستی به چه‌ندین ملیار دۆلار هه‌یه.
سه‌باره‌ت به ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ و كاریگه‌رییه‌كانی به‌سه‌ر ئاسایش له قه‌زای شنگال، وەیس نایف پێی وایه كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نابێت، چونكه ناوچه‌كانیان به‌هۆی بوونی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه هیچ مه‌ترسییه‌كییان له‌سه‌ر نه‌ماوه و تیرۆریستانی داعش به دووری 70 كیلۆمه‌تر له شوێنی نیشته‌جێبوون دوور خراون و سوپاسی هێزی پێشمه‌رگه ده‌كات، كه له ژێر سایه‌ی ئه‌واندا ناوچه‌كانیان رزگاركراون و ئێستا ئاسایش و سه‌قامگیری به‌رقه‌راره.
له‌باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ی كه له لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه رفێنراون، گوتی تا ئێستا زیاتر سێ هه‌زار هاووڵاتی كوردی ئێزیدی له ژێر چنگی داعشدا ماون كه چاره‌نووسیان نادیاره. له كاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی عێراق دژی داعش، دڵمان خۆش ده‌بوو، كه خوشك و براكانمان رزگار ده‌كرێن. بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه به شه‌ڕی فه‌لوجه و هه‌ندێ شوێنی تر كرد كه گومانی هه‌بوونی رفێندراوانی ئێزیدی له‌و شوێنانه هه‌بوون، به‌ڵام له دواییدا ده‌ركه‌وت كه هیچ كه‌سێكمان له‌و شوێنانه نه‌بووه. وادیاره داعش پێش ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ، هاووڵاتیانی رفێندرا‌و بۆ شوێنه‌كانی تر ده‌گوازێته‌وه.
له كۆتاییدا ئاماژه به رزگاركردنی ئه‌و ژن و منداڵه‌ی خه‌ڵكی گوندی كۆچۆ كرد كه له رۆژی چوارشه‌مه 17 ئاب له نزیك حه‌ویجه له چنگی تیرۆریستانی داعش رزگاركران. له سه‌ره‌تای په‌لاماری داعش بۆ سه‌ر شنگال، فائیزه باپیر مچۆ لە گوندی كۆچۆ دەكەوێتە ژێر دەستی چەكدارانی داعش، كه ئه‌وكات منداڵەكەی لە سكیدا تەمەنی چوار مانگ بووه.