حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 30 APR 2024 12:12 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

ئەنجومەنی وەزیران رۆژی ئاڵای بەرز راگرت

SUN, 17 DEC 2017 21:24 | KRG Cabinet

 

بە بۆنەی رۆژی ئاڵای كوردستان كە هەموو ساڵێك لە هەرێمی كوردستان لە 17ی دیسەمبەر یاد دەكرێتەوە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی خانەوادەی شەهید سابیر كاكە ڕەشی و بەڕێز كەریم شنگاری وەزیری ناوخۆ - وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕێوڕەسمێكی بە بۆنەی رۆژی ئاڵا رێكخست .

لە رێوڕەسمەكەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی ئامادەی بوون، دوای چەند ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لەلایەن خانەوادەی شەهید سابیر كاكەڕەش، كەریم شنگاری وەزیری ناوخۆ - وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت وتەیەكی بەم بۆنەیەوە پێشكەش كرد ، ئەمە دەقەكەیەتی :


بەبۆنەی رۆژی ئاڵای كوردستان، بەناوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی گەرم لە تەووی گەلی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و بە تایبەتی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەین.

ئاڵای كوردستان مێژووێكی قووڵی هەیە، بۆ یەكەم جار لە مێژووی كورد دا پێشەوا قازی محەمەد ئەو ئاڵایەی بە فەرمی هەڵكرد لە كاتی راگەیاندنی كۆماری كوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرا لە 22ی كانوونی دووەمی ساڵی 1946 بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی زۆر.

هاوكات دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی ئەو ئاڵایەی بە ئاڵای هەرێمی كوردستان ناساند و لە رێككەوتی 1991/11/11  و رۆژی 17ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێكیشی بە رۆژی ئاڵای كوردستان دانا.

بۆیە هەموو ساڵێك یادی ئاڵای كوردستان دەكەینەوە لەم رۆژەدا، بەو پێیەی ئاڵا سیمبوڵی نەتەوەییە و نیشانەی بوونی نەتەوەیە لەسەر خاكی خۆی دا .

ئاڵای كوردستان بە ڕەنگە ئاڵەكانی ئاماژەیەكی روون و دەوڵەمەندە بۆ مێژووی كورد كە بریتیە لە خوێنی شەهیدان و خەبات لە پێناو ئاشتی و ئازادی وسەربەخۆیی و شكۆ و یەكسانی و جوانی و دڵرفێنی سروشتی كوردستان و نوێبوونەوە و بووژانەوە.

هەموو ئەو خاسیەتانەش بریتین لە بە شێكی گرنگ و دانەبڕاو لە مێژوو و فەرهەنگ و سروشتی خاكی كوردستان و گەلی كورد، لە پێناو پاراستن و بەرز راگرتنی ئەو ئاڵایەدا سەدان هەزار رۆڵەی قارەمانی گەلی كورد گیانی خۆی بەخت كردووە.

بۆیە ئەركێكی نیشتیمانی و پیرۆزە لەسەر هەموومان كە هەردەم ئاڵا بەرز و شەكاوە رابگرین و واتانی و مێژووی پڕ لە تێكۆشانی گەلەكەمان فێری نەوەكانمان بكەین و ئاشنایان بكەین بە پیرۆزی ئەو ئاڵایە.

لەم بۆنەیەدا دروود و ساڵو بۆ گیانی بەرزەفڕی هەموو شەهیدان دەنێرین كە گیانی خۆیان كردە قوربانی و بە خەندەوە بەرەو مەرگ و پەتی سێدارە رۆیشتوون لە پێناو بەرز ڕاگرتن و شەكانەوەی ئەم ئاڵایە.

ئومێدەوارم ئەم رۆژە پیرۆزە ، رۆژی ئاڵای كوردستان هەموومان كۆ بكاتەوە بۆ ئەوەی بە یەكگرتوویی بەرامبەر هەموو هەڕەشە و مەترسیەكان بوەستین و بەیەكەوە دەست لە ناو دەست ڕووبەڕووی ئەو قەیرانانە ببینەوە و كوردستان بپارێزین.

لەم دەرفەتەدا دووپاتی دەكەینەوە كە تەنها دیالۆگ و گفتوگۆ تاكە ڕێگایە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ مسۆگەركردنی سەقامگیری و ئاشتی و پێكەوەژیان و هاوبەشی راستەقینە لە حوكمڕانی لە نێوان هەموو گەلانی عیراق.

مێژوو سەلماندوویەتی بە هێز و شەڕ  هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكرێت بەڵكو زیاتر قووڵتری دەكاتەوە و هیچ لایەكیش تیایدا سەركەوتوو نابێت بەڵكو دەبێتە مایەی زیان و نەهامەتی زیاتر بۆ هەموو گەلانی عیراق.

ئێمە گەلێكی ئاشتی خوازین و دەستی ئاشتی بۆ هەموو گەلانی عیراق درێژ دەكەین و ئامادەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە ئاشتی و لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و دوور لە زمانی هێز و خۆ سەپاندن.

لە كۆتایی دا دووبارە رۆژی ئاڵا لە تەواوی هاووڵاتیانی كوردستان پیرۆز دەكەین و هیوادارین ئاڵاكەمان هەر بەرز و شەكاوە بێت.
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان