حکومەتی هەرێمی كوردستان
SUN, 28 APR 2024 23:38 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕۆژی جیهانیی کرێکاران پیرۆز ده‌كات

TUE, 1 MAY 2018 08:55 | KRG Cabinet

بەبۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەین. ئەم ڕۆژە لە مێژووی کرێکاراندا ڕۆژێکی پرشنگدار و پڕ بەهایە بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانیان. کرێکاران توێژێکی زیندووی خاوەن ڕەنج و بەرهەمهێنی کۆمەڵگاکانیانن، له کوردستانیش ڕۆڵی گرنگ و کاریگەریان لە پرۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا هەیە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە ڕۆڵ و پێگەی ئەم توێژەی کۆمەڵگاکەمان دەڕوانێت و پەرۆشی دەستەبەرکردنی ماف و داخوازیەکانیانە، هەوڵی جددی دەدات بۆ باشترکردنی گوزەران و ڕەخساندنی زیاتری دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری و مافەکانیان، هانی کەرتی تایبەتیش دەدات کە بە پشتیوانی و هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، ڕەچاوی زیاتری ماف و داخوازییەکانی کرێکار بکەن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەبەردەم پێداویستییەکانی کرێکاران و ڕەخساندنی کەش و ژینگەی کار لە ئاستێکی شیاوی سەردەمیانەدا.

وێڕای دەستخۆشیمان لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن و پشتیوانییان لە ماف و داخوازیەکانی ئەم توێژە گرنگه‌ی کۆمەڵگا، هیوادارین کاری زیاتر لە خزمەتی خواستەکانیاندا بکەن و بە شێوەیەکی مەدەنی و یاسایی  لە هەوڵ و کۆششیان بەردەوام بن، هه‌رچیش بكه‌وێته ئه‌ستۆى حكوومه‌ت، درێخى ناكات.
بەرز و پیرۆز بێت یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیى کرێکاران.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
١/٥/٢٠١٨



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان