حکومەتی هەرێمی كوردستان
MON, 29 APR 2024 04:35 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

قوباد تاڵەبانی: با قۆناغی داهاتوو بكەینە قۆناغی بووژانەوەی كشتوكاڵ

MON, 18 FEB 2019 14:01 | KRG Cabinet

سه‌رله‌به‌یانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٨-٢-٢٠١٩، بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، لە هەولێر بەشداری لە دیداری هەماهەنگیی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک کرد كه‌ بە چاودێریی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا و لەژێر ناونیشانی ( لە کێڵگەوە بۆ سەر خوان) ئەنجام درا.

سەرەتای دیدارەکە بەڕێز كونسولی گشتیی هۆڵەندا باسی لە چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵی و گرنگی بوژانەوەی ئەو کەرتە بە مەبەستی بنیاتنانی ئابووریەکی بەهێز کرد، هەروەها ئامادەیی هاوكارییكردنی هه‌رێمی كوردستانی له‌ به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رتی كشتوكاڵیدا دەربڕی.

دواتر بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسی فه‌رمانگه‌ی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان  هۆڵەندا و گرنگیی پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە کرد، هه‌روه‌ها سوپاسی کردن کە هەمیشە هاوکار و پاڵپشتی گەلی کورد بوونه‌. دواتر كورته‌یه‌كی له‌باره‌ی بواری کشتوکاڵ و لەمپەرەکانی بەردەم بەرەوپێشچونی ئەو کەرتە لە هەرێمی کوردستان پێشكه‌ش كرد.

دواتر بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان لە وتارێکدا ئاماژەی بە گرنگیی کەرتی کشتوکاڵ بۆ بنیاتنای ئابورییەکی بەهێز و هەنگاوەکانی برەودان بەو کەرتە كرد و جەختیکردەوە کە کەرتێکی بەهێزی کشتوکاڵ تەنها خواردن ناخاتە سەر سفرەکانمان، بەڵکو پێداویستیی بازاڕ دابین دەکات، پیشەسازی بەهێز دەکات، ئابووریی کوردستان هەمەجۆر دەکات، هەزارەها هەلی کار دەرەخسێنێت و ئەمنیی قەومیمان دەپارێزێت.

به‌ڕێزیان هەروەها گوتی "نابێت هیچ دوو دڵ بین لە وتنی ئەو ڕاستیە كە سەرەڕای ئەوەی ئێمە لەسەر خاکێکی بەپیت دەژین، كەچی لەبری ئەوەی سەرچاوە و نمونەیەكی باشی دەوروبەر بین، خۆمان گەورەترین هاوردەكار و بەكارهێنەری بەرهەمی دەر و دراوسێین، ئەمەش تەحەدایەكی گەورەی بەردەممانە لە ئێستادا و پێویست دەكات لە سەرمان ئەم دۆخە بگۆڕین".

سەبارەت بە هەمەجۆرکردنی داهاتی هەرێم، به‌ڕێزیان ئاماژەی بەوەدا کە نابێت تەنها پشت بە نەوت ببەستین و گوتی "ڕاستە ئێمە لەپەنا كشتوكاڵدا خاون سامانی نەوت و گاز و چەندین كانزای تری بەنرخین، بەڵام شتێكی شاراوە نییە كە هەموو ئەو ئابورییانەی تەنیا پشتیان بە سامانە سروشتییەکان بەستووە، ئابورییەکی نەخۆش و لاوازن و بەرگەی قەیرانەکان ناگرن".

به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی له‌ به‌رده‌وامیی وته‌كه‌یدا گوتی "دەبێت سەرمایەدار هان بدرێت بۆ وەبەرهێنانیان لە کێڵگەی کشتوکاڵ، نەک تەنها لە کێڵگەی نەوت. كشتوكاڵ بۆ ئێمە تەنها سەرچاوەی دابینكردنی خۆراك و كەمكردنەوەی هاوردەكردن نییە، بەڵكو زەمینە و فاكتەری پێشكەوتنی پیشەسازیشە. ئەگەر نەتوانین کەرتی کشتوکاڵ پێشبخەین، ئەوا ناتوانین کەرتی پیشەسازیش پێشبخەین، لەو حاڵەتەشدا ناتوانین ببینە خاوەن ئابورییەکی بەهێز و دەبێت قۆناغی داهاتوو بكەینە قۆناغی بووژانەوەی كشتوكاڵ كە دەکاتە گەشەپێدانی ئابوری".

به‌ڕێزیان له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماژەی بەهەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێم دا و گوتی "هەرچەندە لە كابینەی هەشتەمدا سەرەڕای قەیرانەکان و شەڕی داعش،  هەنگاومان بۆ پاراستنی بەروبوومی خۆماڵی ناوه‌ و بەرهەمی خۆماڵی  بە بەوراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی کرد، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانیمان نەبوو".

لە کۆتاییدا به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی حکوومەتی هۆڵه‌ندا و کۆنسوڵخانەی هۆڵه‌ندای لە هه‌رێمی کوردستان کرد کە  خەمخۆرانە گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک لە هه‌رێم دەدەن، هەروەها سوپاسی زانکۆی ڤاخنینگنی کرد و گوتی"پێموایە توێژینەوەکانی ئەو زانکۆیە بناغەیەکی پتەوە بۆ بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ لە هه‌رێمی کوردستان و داوایان لێ دەکەم لە داهاتووشدا بەردەوام بن لە یارمەتیدانی حکوومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان".
 



بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌کان