بهڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی ئەمەریكی بەسەرۆكایەتیی بهڕێز ویلیام رۆبۆك جێگری نوێنەری تایبەتیی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی شەڕی داعش، ڕەوشی سیاسی و قۆناغی دوای لەناو بردنی داعش لەرووی سەربازییەوە، تاوتوێ کرد.
لەكۆبونەوەكەدا كە ئەمڕۆ 23 نیسانی 2019 لە ھەولێر لەگەڵ شاندە ئەمەریكییەکە بەسەرۆكایەتی بهڕێز ویلیام رۆبۆك و بە بەشداری بهڕێز ستیڤ ڤاگن كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لەهەولێر بەڕێوەچوو، بهڕێز قوباد تاڵەبانی ڕوونی كردەوە كە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لەناوچەكە هێشتا ماوە و بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم پێشهاتەش پێویست دەكات سیاسەت و حوكمڕانی لەو ناوچەی کە مەترسیی سەرھەڵدانەوەی داعشیان لێ دەکرێت، بەجۆرێك گۆڕانكاریی تێدا بكرێت گونجاو بێت لەگەڵ ویست و بۆچونی ھاوڵاتیانی ئەو ناوچانە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا باسیان له چۆنییەتیی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێران بووەكانی شەڕی داعشیان كرد و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە بە وریاییهوه مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و بە باشی ئیدارە بدرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجی خۆی لەگێڕانەوەی ئارامی و ئۆقرەیی بەدی بهێنێت.
لای خۆیانهوه شاندی میوان تیشكیان خستە سەر ڕەوشی سوریا كە سەرباری ئەوەی هێشتا هەستیارە، بەڵام بەرەو جێگیر بوون دەڕوات، ئەمەش ئاماژەیەكی باشە بۆ ڕەوشی ئاسایش لە عێراق و هەرێمی كوردستان كە هاوسنوری ئەم وڵاتەن.