حکومەتی هەرێمی كوردستان
FRI, 26 APR 2024 07:18 Erbil, GMT +3




You are viewing Kurdistan Regional Government's 8th cabinet website.
For updated information about Kurdistan Regional Government
visit current cabinet's web portal at GOV.KRD please

كۆریای باشوور نوێنەرایەتیی خۆی لە هەولێر بۆ كونسوڵخانە بەرزدەكاتەوە

WED, 5 OCT 2016 16:35 | KRG Cabinet


سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 5-10-2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز سۆنگ وۆنگ، باڵیۆزی نوێی كۆریای باشوور و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز وۆنگ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی وەك باڵیۆزی وڵاتەكەی لە عێراق دەربڕی و ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆریاى باشوور كرد و هیوای خواست پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا پەرەیان پێ بدرێت، بەتایبەتی لەڕووی ڕۆشنبیری و زانستی و كارگێڕییه‌وه‌. بۆ ئه‌مه‌ش ئامادەییی وڵاتەكەی بۆ هەر ئاسانكارییەك نیشان دا، هەروەها ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی ئاستی نوێنەرایەتیی خۆی لە هەرێمی كوردستان لە نووسینگەی باڵیۆزخانه‌وە بۆ كونسوڵگەری بەرز دەكاتەوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەڕێزیان ڕۆڵی خەڵك و حكوومەتی هەرێمى كوردستان و پێشمەرگەی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان بێ جیاوازی بەرز نرخاند و، ستایشی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد لە حەواندنەوە و دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر، لەمبارەیەشەوە ئامادەییی وڵاتەكەی بۆ هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە دەربڕی.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ بەڕێز وۆنگ لە ئەركە نوێكەیدا خواست و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ هەر پشتگیری و هاوكارییەك دەربڕی كە ببێتە هۆی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لە هەموو بوارەكاندا، بەتایبەتی لە بوارەكانی بازرگانی و ڕۆشنبیری و كارگێڕیدا، هەروەها سوپاسی ئەو هاوكارییانەی كۆریای باشووری كرد كە چ ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی ئاژانسەكانییەوە، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كردووە و هیوای بەردەوامیی هاوكارییەكانی خواست.

بەڕێزیان باسی لە هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر كرد و ئاماژەی بەوە دا كە پێشبینی دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن كه‌ هاوكاریكردنیان لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدەرە، بۆیە هیوای خواست كۆمەڵگاى نێودەوڵەتی بەتایبەتیش وڵاتانی دۆست، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بن، تاكو بتوانن هاوكاریی زیاتری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بكەن.

تاوتوێكردنی ڕەوشی گشتیی ناوچەكە و دوا پێشهاتەكانی شەڕی تیرۆر و قۆناغی دوای داعش و چەند بابەتێكی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.