حکومەتی هەرێمی كوردستان
TUE, 16 JAN 2018 16:26 Erbil, GMT +3

حكوومه‌تی هه‌رێم و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووی هه‌رێم تاتوێ ده‌كه‌ن

THU, 28 DEC 2017 16:58 | KRG Cabinet

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ پێشنجشه‌ممه‌ 28/12/2017 به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

سه‌ره‌تا به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستخۆشی له‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن كرد بۆ كار و چالاكییه‌كانیان له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا كه‌ ئێستاش له‌ هه‌وڵی ئاماده‌باشیدان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان. له‌مباره‌یه‌وه‌ چه‌ندین پێشنیار و بیروبۆچوون سه‌باره‌ت به‌ داواكاری و پێدوایستییه‌ لۆجیستییه‌كانی كۆمسیۆن به‌مه‌به‌ستی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.

به‌ڕێزان سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حكوومه‌ت بێت به‌مه‌به‌ستی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن جێبه‌جێی بكه‌ن و ئاماده‌ییی حكوومه‌تیان بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك نیشان دا و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنیش به‌پێی یاسا و ڕێساكانی خۆیان كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێشنیار كرا له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌ریه‌ك له‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی ڕۆژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان.