له دیدارێكی نێوان به‌ڕێزان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عیراق، هه‌ردوولا به پێویستیان زانی ئه‌و ئارامییه‌ی دوای گرژییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دروست بووه، زیاتر په‌ره‌ی پێ بدرێت تاكو زه‌مینه بۆ گفتوگۆ و دیالۆگێكی جددیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كۆی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عیراق، بڕه‌خسێنرێ.
دیداره‌كه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 4/1/2018 به ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوه‌ری به‌ڕێز باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عیراق به‌ڕێوه چوو و تیایدا هه‌روه‌ها باس له دوا هه‌نگاوه‌كان و پێكهێنانی لیژنه له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه و سه‌ردانیان بۆ به‌غدا و پێداچوونه‌وه به لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستاندا كرا.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه جه‌خت له شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتیی عیراقدا كرایه‌وه و هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌كرێ هه‌وڵه‌كان چڕتر بكرێنه‌وه تاكو هه‌نگاوی زیاتر به ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بنرێن.
تاوتوێكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به ڕه‌وشی ناوچه‌كه به‌گشتی و بارودۆخی كوردستان و هه‌ڵبژاردن و كار و چالاكی و پلانی چاكسازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له بواره جیاوازه‌كاندا، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.