Skip to the content

حکومەتی هەرێم قەیسەریی هەولێر نۆژەن دەکاتەوە و هاوکاریی زیانلێکەوتووان دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دەداتە زیانلێکەوتووانی ڕووداوەکەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کە حکومەتی هەرێمی کوردستان درێغی لە نۆژەنکردنەوەی شوێنی ڕووداوەکە و هاوکاریی زیانلێکەوتووان ناکات.

دواینیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە (6ـی ئایاری 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردووی بینی.
مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە: "کاسبکارانی بازاڕەکەم دڵنیا کردەوە کە درێغی ناکەین لە نۆژەنکردنەوە و یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان".
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: "سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم شەوی ڕووداوەکە، ماندوو بوون و گیانی خۆیان خستە مەترسییەوە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان".
لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بازاڕی قەیسەریی هەولێر، مەسرور بارزانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونە بە ڕێنماییەکان یان دەستێکی خراپەکاری لە پشت ڕووداوەکەوەیە.
شەوی 5ـی ئایاری 2024، ئاگر لە بەشێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاریی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لەبەر فراوانیی قەبارەی ئاگرەکە و سەختیی گەیاندنی هۆیەکانی کوژاندنەوەی ئاگر، دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا.
دوای ڕووداوەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد: "بە گوێرەی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری، بە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێگەیشتووە".
هەروەها ڕوونی کردەوە: "جگە لە زیانی ماددیی ڕووداوەکە، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغیی هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە دۆخی تەندروستییان تێکچوو".


فەرمانگەی میدیا و زانیاری